خۆسەری: کاردەکەین بۆ هێنانەوەی تەرمی قوربانیانی کەناراوەکانی جەزائیر

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە بەرپرسێکی بەڕێوبەری خۆسەری هەرێمی فورات (کۆبانی) رایگەیاند، لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە کار بۆ هێنانەوەی تەرمی قوربانیانی کەناراوەکانی جەزائیر دەکەن، بەڵام ئاڵنگارییە یاساییەکان لە جەزائیر رێگرن لە کارەکانیان.

دوای بەڕێکەوتنیان لە رێگەی دەریاوە و بە بەلەمێکی قاچاخ، بە هیوای گەشتن بە ئەوروپا، 18 کەس لە کەناراوەکانی وەهران لە جەزائیر گیانیان لەدەستدا، بەپێی ئامارەکان هەموو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی شاری کۆبانی رۆژئاوای کوردستان بوون.

بنەماڵەی قوربانیانی ئەو پەنابەرانە کە بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکەوە لە نزیک کەناراوەکانی جەزائیر گیانیان لەدەستداوە، داوایان لە بەڕێوبەری خۆسەر کردووە کە تەرمی رۆڵەکانیان بگەێنێتەوە زێدی خۆیان لە شاری کۆبانی.

محەممەد شاهین، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوبەری لە ناوچەی فورات وتی: ئێمە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانمانەوە کار بۆ گەڕاندنەوەی قوربانیانی کەناراوەکانی وەهران دەکەین، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری دەریای ناوەڕاست بەرەو یەکێتی ئەوروپا خنکاون.

تایبەت بە نۆرس پرێس، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە هەموو توانامان لەم رووەوە خستوەتەکار، بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت، تێچووی هێنانەوایان وەک خۆسەری بگرینە ئەستۆ و ئەو تەرمانە بگەڕێنینەوە بۆ خێزانەکانیان”.

شاهین ئاماژەی بەوەدا، ئاڵنگاری و سەختی یاسایی هەیە کە رێگرە لە هێنانەوەی تەرمەکان بۆ کۆبانی، هەروەها دەشڵێت، “بابەتەکە ئەوەندە ئاسان نییە، ئەو کەسانە بە رێگەی نایاسایی چوون بۆ وەهران، ئەمەش رێگرێکی زۆر لە کارەکان بۆ وەرگرتنەوەیان دەکات، بەڵام “ئێمە لە پرۆسەی کردنەوەی هەموو کەناڵە دیپلۆماسییەکاندان بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین”.

بەپێی سەرچاوەکانی نۆرس پرێس، سەدان گەنجی شاری کۆبانی لە جەزائیر هەن کە هێشتا لە دەریا نەپەڕیونەتەوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان، بەڵام چەند سەختییەک، دیارترینیان هاتنە ژوورەوەی نایاسایییان، رێگری لە هەوڵەکانی گەڕانەوە دەکەن.

لە 20ى ئەیلولی رابردوودا، بەلەمێک کە لە کەناراوەکانی لوبنانەوە بەڕێکەوتبوو و هاوڵاتیانی سوری و لوبنانی هەڵگرتبوو، بەو هیوایەی بگاتە ئەوروپا، لە کەناراوەکانی تەڕتۆس نوقوم بوو و  نزیکەی 100کەس بوون بە قوربانی.

ئامادەکردنی: سامر عوسمان – داڕشتنەوەی : زانا ئەلعەلی