کازمی رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە رادەستی حکومەتی نوێ دەکات

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند کە مستەفا کازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رێکارەکانی ناونانی پارێزگای هەڵەبجەی وەک 19هەمین پارێزگای عێراقی ڕادەستی حکومەتی داهاتو کردووە.

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق لە روپەڕی تایبەتی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، “لەم خولەی پەرلەماندا هەوڵمدا بۆ ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە لە عێراقەوە وەک پارێزگای نۆزدەیەم و چوارەمی هەرێم بەفەرمی بناسێنرێت و ڕێکارەکانی تەواوبکرێت، تاکو لەیاسای بودجەو بوژانەوەی پارێزگاکان و زۆر بابەتی دیکە سودمەند بێت، بەڵام مستەفا کازمی بەهۆکاری سەرژمێری ئەو بابەتەی ڕادەستی کابینەی نوێی حکومەت کرد”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لە حکومەتی نوێی عێراقدا بەشوێن تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجەوە دەبێت، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕیاری لێدراوه‌ به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا وه‌كو پارێزگا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت.

پارێزگای هەڵەبجە لە لە 13ی ئازاری 2014دا و سێ ڕۆژ بەر لەیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگاکردنی بەفەرمیی لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە rاگەیەندرا و بەمەش بووە چوارەمین پارێزگای ھەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە فەرمی دانی پێدا نەنراوە.