هاوڵاتیانی عەفرین: تەحریرشام نۆرمەکانی داعشمان بەسەردا دەسەپێنێت

حەڵەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، هاوڵاتیانی شاری عەفرین رایانگەیاند، کە دەستەی تەحریرشام (جەبهەی نوسرەی پێشوو) ئەو نۆرم و عادەتانەیان بەسەریاندا دەسەپێنێت کە پێشتر لەلایەن ڕێکخراوی “داعش”ەوە سەپێندرابوون.

پێنجشەممەی رابردوو، تەحریرشام شاری عەفرینی داگیرکراوی کۆنترۆڵکرد، ئەوەش دوای پێکدادان لەگەڵ فەیلەقی سێیەمی “جەیش وەتەنی” هاوپەیمانی تورکیادا.

یەكێك لە دانیشتوانی ناو شاری عەفرین (لەبەر مەترسی لەسەر ژیانی ناسنامەكەی ئاشکرا ناکەین)، رایگەیاند کە شارەكە دەركەوتنی سەیر و سەمەرە بەخۆیەوە دەبینێت، هاوشێوەی ئەوەی داعش لە ناوچەكانی كۆنترۆڵی خۆی لە سووریا و عێراقدا دەیسەپاند.

لەرێگەی نامەیەکەوە کە بۆ نۆرس پرێسی ناردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: “جلی شەرعی لەنێو دانیشتووانەکەدا بڵاوەی کردووە، ترسێکی زۆر هەیە و پیاوانی جگەرەکێش جگەرەکانیان دەشارنەوە و پابەندی شێوازی جل لەبەرکردنی داعشیانە دەبن”.

یەکێکی دیکە لە دانیشتوانی عەفرین دەڵێت: ترسەکە لەوە زیاتر کە بەڕێوەیە، ئێمە لە حاڵەتی چاودێریداین، چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە چی ڕوودەدات.

باسی لەوەشكرد، لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی دروێنەی زەیتوون كە سەرچاوەیەكی سەرەكی بژێوی دانیشتوانە، زۆرێك ترسیان هەیە بچنە دەرەوە بۆ باخەكانیان، بەتایبەتی كە شەڕەكە لەگەڵ هاتنی وەرزەكەدا دەستیپێكردووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ دانیشتووان ترسیان هەیە له‌ سه‌پاندنی یاسای زیاتر و توندتر، هه‌روه‌ها هه‌راسانی قورس له‌گه‌ڵ كۆنترۆڵكردنی “تەحریرشام” به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا به‌ گوته‌ی ناوبراو.

گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، ئیبراهیم شێخو، رەسەنایەتی ئەو زانیاریانەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، “تەحریر شام” فەرمانێکی دەرکردووە بۆ لەبەرکردنی جلی ئیسلامی لە فەرمانگەکان و نەخۆشخانەکان.

لە تۆمارێکی دەنگیدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاندووە، “ئەندامانی جۆلانی، دوای ئەوەی کۆنترۆڵی ناحیەی جندیرێسیان کرد، داوایان لە ژنەکان کردووە کە بە تەنها نەچنە دەرەوە، تەنها لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت نەچنە دەرەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرپێچیکارانیان لە “لێپرسینەوە” ئاگادارکردووەتەوە.

سەرەڕای كشانەوەی تەحریر شام لە هەندێك ناوچە، ئیبراهیم شێخو دەڵێت دەزگای “ئەمنی گشتی” سەر بەوان كاروباری ئەو ناوچانە بەڕێوەدەبات.

لە پێرێوە، هێمنی و سڵەمینەوە باڵی بەسەر شاری عەفریندا کێشاوە، ئەویش لە دوای رێککەوتنی نێوان تەحریرشام و فەیلەقی سێهەم لە هەینی رابردووەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : عەگید مشمیش