هەولێر – نۆرس پرێس
بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە 15ـی ئۆکتۆبەری 2022ـی عەزیز وەیسی، هونەرمەند ناودار و ناسراوی کورد و خەڵکی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن دادگای ئەو شارەوە بانگ کراوە و پاشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
لە هەواڵەکەی ڕێکخراوی هەنگاو هاتووە، لقی 16ـی دادگای لێپرسینەوەی تاوانەکان لە شاری کرماشان، ئەو هونەرمەندەیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە “پڕوپاگەندەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو کردووەتەوە”.
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی کە میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویانکردەوە، هۆکاری دەستگیرکردنی هونەرمەند عەزیز وەیسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گۆرانییەکی بۆ قوربانییانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم ماوەیە لە کوردستان و ئێران تۆمار کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو هونەرمەندە بڵاو کراوەتەوە.
جێگای ئاماژە بۆکردنە، هونەرمەندی گۆرانی و هەڵپەڕکێ، عەزیز وەیسی بەردەوام هاتوچۆی هەبووە لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا.