بۆردومانێکی رووسیا بۆ سەر لایەنێکی سەر بە تورکیا لە عەفرین کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە
حەڵەب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زیاتر لە 10 کوژراو و بریندار لە هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر بارەگایەکی سەربازیی گروپێکی سەربازی ئۆپۆزسیۆن کەوتوەتەوە، لە گوندەواری عەفرین لە باکووری رۆژئاوای حەلەب.
روانگەی سوری بڵاویكردەوە كە دوو ئەندامی گروپە “سوقور شیمال” كوژراون و 9ی دیكەش برینداربوون، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا بۆ سەر پێگەی ئەو گروپە لە گوندی قەتمە لە گوندەواری باكووری رۆژئاوای شاری حەڵەب.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاندبوو، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا چەند شوێنێکیان لە گوندەواری باکووری حەڵەب کردووەتە ئامانج.
روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لانیکەم پێنج هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا شوێنەکانی نێوان گوندەکانی قەتمە و بافیلۆنیان کردووەتە ئامانج لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی شام لە ناحیەی شەرا لە گوندەواری عەفرین.