دیمه‌نی چەکداری و ئارامی دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە عەفرین
عەفرین – نۆرس پرێس
لە نیوەی شەوی ڕۆژی هەینی له‌سه‌ر شه‌ممه ، شاری عەفرین ئارام بۆته‌وه، ئەمەش دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربه‌ست له‌نێوان ھەییەی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) و فه‌یله‌قی سێیەمی سوپای نیشتمانی.
دوای ڕێكه‌وتنی ھەییەی تەحریر شام و فه‌یله‌قی سێیەمی سوپای نیشتمانی له‌سه‌ر ئاگربه‌ست له عه‌فرین، ئێوارەی دوێنێ، شەڕ و پێکدادان لەنێوانیان دەستیپێکردەوە، به‌هۆی ناڕازیبوونی سەرکردەکانی فەیلەقی سێیەم لە بەشێکی ڕێكه‌وتنه‌كه.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا شه‌وی ڕابردوو، لە میحوەری کەفر جەننە لە گونده‌واری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگیرا، دوای ئەوەی ڕێککەوتن کرا لەسەر جێبەجێکردنی هەموو ئەو بڕگانەی کە پێشتر له‌سه‌ری ناكۆكبوون.
ڕاشیگه‌یاند، هێزه‌كانی ههییهی تەحریر شام كشاونەتەوە ناو شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان،ئه‌وه‌ش وەك یەكەم قۆناغی جێبەجێكردنی مەرجەكانی رێككەوتنەكە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێکدادانی توندوتیژ لەنێوان هەردوولا روویدا، چەکی قورس و هاوەن و تانک بەکارهێنران، لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری هەردوولای لێکەوتەوە.
ئەو پێکدادانه‌ش بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی كورته‌ك 1 لە ناحیەی شه‌ران، دوای ئەوەی ساچمه‌ی تەقینەوە لەناو کەمپەکەدا کەوتە خوارەوە؛ بووە هۆی ئەوەیسوتانی خێمه‌یه‌كی كه‌مپه‌كه و تیمەکانی بەرگری شارستانی نه‌یانتوانی بگه‌نه شوێنی ئاگره‌كه به‌هۆی پێکدادان و تۆپبارانی نێوان هەردوولا.
لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووه ئازادکردنی هەموو ئەو کەسانەی لە کاتی ڕووداوەکاندا دەستگیرکراون، و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هەموو باره‌گاكانی فەیلەقی سێیەم كه له‌كاتی ڕوداوه‌كان چۆڵ كرابوون.
جگە لەوەش کارەکانی “فەیلەقی سێیەم” تەنیا لەسەر چالاکیی سەربازی ده‌بێت، و ئەندامەکانی لەسەر بنەمای ناکۆکی سیاسی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناكرێت، لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆ له‌نێوان هەردوولا تا بگه‌نه بڕیارێكی کۆتایی.
ڕێکەوتنەکە لەلایەن هەندێک لە سەرکردەکانی فەیلەقی سێیەمەوە ڕەتکرایەوە، دواتر لە ماڵپه‌ڕ و په‌یجه مافەرمییەکانی “فه‌یله‌ق” دوای کەمتر لە نیو کاتژمێر سڕایه‌وه، و دووبارە بڕگه‌كانی ڕێكهوتنهكهیان چاككرده‌وه .