خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن
هەولێر- نۆرس پرێس
سەرباری بە سەربازگەکردنی شارەکان و بڵاوکردنەوەی هێزێکی زۆر، بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ 26-هەمین رۆژ بەردەوامن، لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی ڕابردووشدا بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، سێ کەس لە سنە و کرماشان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون.
دوێنێ لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی؛ بۆکان، سنە، سەقز، مهاباد، کرماشان، بانە، مەریوان کامیاران و ئیلام و چەندین ناوچەی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە دروشمی “ژن، ژیان ئازادیی” بەردەوام بوون.

سەرباری ئەوەی هێزێکی زۆر لەلایەن ئێرانەوە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیرکرابوون و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران دەکرد، بەڵام خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران دەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکان لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو کەس لە کرماشان و کەسێکیش لە سنە بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، لە مەریوانیش گەنجێک بە فیشەکی تاپڕ برینداربووە، کە زیاتر لە ١٢٠ ساچمە بە جەستەیەوە بووە.
لەسەر ئاستی ئێرانیش خۆپیشاندان دوێنێ لە چەندین ناوچەی تارانی پایتەخت بەڕێوەچوو، هەروەها پارێزەرانیش لەو شارە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕژانە سەر شەقام و هێزەکانی ئێرانیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمیسکڕێژیان بەکارهێنا. لە شەقامی وەلیعەسەری تارانیش هێزەکانی ئێران تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کرد.
لە شارەکانی گەوهەردەشت، کەرەج، ڕەشت، ئەسفەهان، بەندەر عەباس، میراباد، هەمەدان و چەندین ناوچەی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوون.
دوێنێش رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ئاماردا ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانی بڵاوكردەوە. بەپێی ئامارەكە؛ ژمارەی كوژراوان بۆ لانیكەم 201 كەس بەرزبووەتەوە، لەو ژمارەیەش 23 یان منداڵن.
بە پێی ئاماری ئەو ناوەندە تەنها لە پارێزگای سنە هەزار و 541 کەس برینداربون و ژمارەی بریندارەکانی کرماشان و ورمێ دەگاتە زیاتر لە چوار هەزار کەس.
تا ئێستا دەسەڵات لە ئێران هیچ ئامارێکی کوژراو و برینداری بە فەرمیی بڵاو نەکردوەتەوە و تەنها ژمارەی کوژراوانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بڵاو دەکاتەوە کە نزیکەی 14 کەسن.