بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران.. لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبنەوە 
هەولێر- نۆرس_پرێس
محەممەد سەیهوود، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوای جەژن بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە.
گوتیشی “دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بە هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکان دەبێت، تەنانەت دەبێت رەزامەندی پەرلەمانتارانی سەربەخۆشی لەسەر بێت”.
ئاماژەی بەوەشدا “نووری مالیکی بەهێزترین کاندیدی سەرۆک وەزیرانە”.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بەشێک لەلایەنەکانی ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دژی کاندید کردنی مالیکی بوون.
پێشتر غەزەنفەر بەتیخ، ئەندامێکى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا بانگەشەى ئەوەى کردبوو کە سەرۆک بارزانی پاڵپشتى چەند سەرکردەیەکى ئەو هاوپەیمانێتییەى کردووە بۆ ئەوەى پۆستى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق وەربگرن، بەڵام دوێنێ بارەگای بارزانی لە راگەیندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەكی نییە.