نەتەو ەیەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ سەرکۆنەی لکاندنی ناوچەکانی ئۆکرانیای کرد بە رووسیاوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی چوارشەممە، کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ سەرکۆنەی لکاندنی ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیای کرد بە رووسیاوە.

زیاتر لە سێ لەسەر چواری 193 ئەندامی ئەنجومەنی گشتی دەنگیان بە بڕیارنامەیەک دا کە ئەو هەنگاوەی مۆسکۆ بە نایاسایی ناودەبات.

بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی “رێکخستنی ریفراندۆم لە سنوورەکانی ئۆکرانیا”ی کرد لە لایەن رووسیاوە و “هەوڵی لکاندنی نایاسایی” لە مانگی رابردوودا لەلایەن سەرۆک ڤلادیمێر پوتینەوە بۆ چوار هەرێم راگەیەندرا.

تەنها سووریا، نیکاراگوا، کۆریای باکوور و بێلاڕوس لە بەرژەوەندی روسیا دەنگیاندا، لە بەرامبەریشدا 35 وڵات لەوانە چین، هیندستان، باشووری ئەفریقا و پاکستان بەشدارییان لە دەنگدان نەکرد.

ڤلادمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، “سوپاسی ئەو 143 وڵاتە دەکەین کە پشتگیری لە بڕیارنامەی مێژوویی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن”.

داواش له‌ سه‌رجه‌م ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات دان به‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كدا نه‌نێن كه‌ رووسیا له‌ سنووره‌كه‌ رایانگه‌یاندبێت و داواش ده‌كات مۆسكۆ “به‌په‌له‌ و بێ مه‌رج پاشه‌كشه‌ له‌” بڕیاره‌كانی بكات.

دەنگدانەکەی ئەنجومەنی گشتی کە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاواوە داواکرابوو، دوای ڤیتۆی مانگی رابردووی رووسیا بوو لەسەر بڕیارێکی هاوشێوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی 15 وڵات سەبارەت بە لکاندنی خاکی ئۆکرانیا بە رووسیاوە.

مۆسکۆ مانگی رابردوو پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لکاندنی چوار ناوچەی لە ئۆکرانیا راگەیاند بە ناوەکانی “دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا”، ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی دەنگدانەکەیان بە نایاسایی ناوبرد و رایانگەیاند کە بەشێک لە دەنگدەران لە ژێر هەڕەشەی گولەبارانکردندا ناچاربوون بەشداری بکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر