لە ماوەی 12 کاتژمێردا.. دووهەم کاروانی سەربازی تورکیا هاتە ناو باکووری حەڵەبەوە

گوندەواری باکووری حەڵەب- نۆرس_پرێس

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە،  کاروانێکی نوێی سەربازیی تورکیا  هاتەناو خاکی سوریاوە، ئەویش لە دەروازەی باب ئەلسەلەمەوە لەسەر سنووری تورکیا، لە نزیک شاری ئیعزاز، گوندەواری باکووری حەلەب.

شایەتحاڵێکی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە کاروانەکە بە کەرەستەی سەربازی و تەقەمەنی و چەکی قورسەوە  بەرەو شارۆچکەی ئیعزاز لە باکووری حەلەب، بەڕێکەوتووە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو کە کاروانەکە بە هاوەڵی ئۆتۆمبێلەکانی “جەبهەت ئەلشامییە” بەرەو بەرەکانی شەڕ لە شاری مارع لە گوندەواری باکوری حەلەب ڕۆیشتووە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، پێش ئەوە بە چەند کاتژمێرێک، کاروانێکی تری سەربازی تورکیا کە لە تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕی سەربازی و هەڵگرەوەی مین پێکهاتبوون، لە ڕێگەی دەروازەی ئەلڕاعییەوە بەرەو شاری ئەلباب لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب ڕۆیشتن.

تورکیا بەردەوامە لە ناردنی کاروانە سەربازییەکانی کە لە ئۆتۆمبێل، زرێپۆش، تەقەمەنی و تانک، پێک دێن، بەرەو بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی هاوپەیمانیان.

هەنگاوە سەربازییەکانی ئەم دواییەی تورکیا هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە رۆژئاوای کوردستان.