رێڤەبەری خۆسەری بۆ رێگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ روو لە چارەسەری سیاسی و دیبلۆماسی دەکات
رەققە- نۆرس پرێس
حەسەن كۆچەر، جێگری هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕی رێڤەبەری خۆسەر، ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند، خۆسەری بەنیازە رێگری لە روودانی شەڕ لە ناوچەكە بكات، ئەویش بەرێگەی سیاسی و دیپلۆماسی.
کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکاری لەڕووی لۆجستیک رووەکانی دیکەوە کراوە لە ئەگەری هەر دۆخێکی جەنگی کە ناوچەکە بکاتە ئامانج، جگە لە ڕێکخستنی ژێرخان و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی سەربازی تورکیا.
بەگوێرەی ئەوەی پێگەی سەرەکی رێڤەبەری خۆسەری بڵاوی کردەوە، کۆچەر دەڵێ “خەڵکی ناوچەکە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەم شەڕە بدەن، بۆیە دەبێت هەموویان یەکبگرن و پشتیوانی هێزە سەربازییەکان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هێرشی تورکیای داگیرکەر”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکی لە “ڕێکخستن و پاراستنی دانیشتووان بۆ خۆیان، بە وەستان لە تەنیشت هێزە سەربازییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕەی کە تورکیا دژی ناوچەکە بەڕێوەی دەبات، مەترسییەکەی کاراکردنەوەی شانە تیرۆریستەکانە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری”
دوێنێ چوارشەممە، ئیدارەی رێڤەبەری خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان باری نائاسایی گشتی ڕاگەیاند و پلانی فریاگوزاری ئامادەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی تورکیا کە ئەگەر هەیە ناوچەکە بکاتە ئامانج.