ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ لایەنە عێراقییەکان: ئه‌مریكا پشتگیری له‌ دیالۆگێكی فراوان و گشتگیر ده‌كات

هەولێر – نۆرس پرێس

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان كرد، رێگه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و گشتگیر بدۆزنه‌وه‌ بۆ ده‌ربازبون له‌و چه‌قبه‌ستوییه‌ سیاسییه‌ی ئێستا و رایگه‌یاند، “ئه‌مریكا پشتگیری له‌ دیالۆگێكی فراوان و گشتگیر ده‌كات بۆ دروستكردنی ڕێگایه‌كی هاوبه‌ش به‌ره‌و داهاتوو”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “ساڵێک لەمەوبەر، عێراقییەکان لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی متمانەپێکراودا بە ئومێدی ئەوەی ببێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێک رەنگدانەوەی خواستی گەلی عێراق بێت، دەنگیان دا.”

راشیگه‌یاندوه‌، “ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ عێراقیه‌كانمانداین و دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ توندوتیژی قبوڵكراو نییه‌، هه‌روه‌ها داوا له‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین رێگه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و گشتگیر بدۆزنه‌وه‌ بۆ ده‌ربازبون له‌و چه‌قبه‌ستوییه‌ سیاسییه‌ی ئێستا”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “ئه‌مریكا پابه‌نده‌ به‌ هاوبه‌شیكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و گه‌لی عێراق بۆ به‌ره‌وپێشبردنی گه‌شه‌ی ئابوری و ره‌خساندنی هه‌لیكار، مسۆگه‌ركردنی شكستی به‌رده‌وامی داعش، بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی، زیادكردنی خۆڕاگری به‌رامبه‌ر به‌ كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا”.

پێشتریش، رۆژی دووشەممە، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق هۆشداری دایە لایەنە سیاسییەکانی وڵات لە کاریگەرییەکانی پێکنەهێنانی حکومەت و گوتی: “لە دوای یەک ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەخت، ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە دەستوبرد بکرێت.”

یونامی لە راگەیێندراوێکیدا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد “بێ مەرج” دەست بە دیالۆگ بکەن و سازشیش بۆ یەکدی بکەن.

هاوکات، باڵیۆزخانەی بەریتانیاش لە عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانیان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن. گوتیشی کە تووندوتیژی لە عێراقدا “قبووڵکراو نییە” و داوایکرد بەخێرایی کێشەی نەبوونی بودجە چارەسەر بکرێت.

رۆژی 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەچوو و براوەی یەکەم رەوتی سەدر بوو کە 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. لەسەر ئاستی هێزە کوردییەکانیش پارتی بە بەدەستهێنانی 31 کورسی وەک هێزی یەکەم مایەوە؛ هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکانیش بە 60 کورسییەوە بووە یەکەم هێزی سوننەکان.

دواتر ئەو سێ هێزە هاوپەیمانییەکیان دروستکرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە نزیکەکانی لەڕێگەی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە رێگەیان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار گرت، حوزەیرانی ئەمساڵ 73 پەرلەمانتارەکەی رەوتی سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە.

ئێستا هاوپەیمانیی “بەڕێوەبردنی دەوڵەت” پێکهێندراوە کە زۆربەی هێزە سەرەکییەکانی تێدایە و دەیانەوێت حکومەتێک پێکبهێندرێت.