بەرپرسانی ئیسرائیل و لوبنان باس لە رێکەوتنێکی مێژووی سنوورە دەریاییەکانی نێوانیان دەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشه‌ممه، به‌رپرسانی ئیسرائیل و لوبنان رێککه‌وتنێکیان راگەیاند که‌ له‌ سه‌ر سنووره‌ ده‌ریاییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ به‌ ناوبژیوانی ئه‌مریکا نزیکن لە رێکەوتنەوە.

لە كاتێكدا تا ئێستا بە فەرمی رێككەوتنەكە رانەگەیەنراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت بەم نزیكانە ئەنجام بدرێت.

ئیال هۆلاتا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەموو داواکارییەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە دانوستانەکانی سنووری دەریایی لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان جێبەجێ کراوە.

 ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە لە نێوان هەردوو دراوسێی رکابەردا رێگە بە دەستپێکردنی گەڕان بەدوای گازی سروشتی دەدات لە ناوچە جێناکۆکەکەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و مەترسییەکانی رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان ناهێڵێت.

هۆلاتا زیادی کرد، “ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە دەقەکەدا داوامان کردبوو جێبەجێ کراون، گرەنتی پاراستنی هەموو بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کراوە، ئێمە لە رێگاداین بۆ ڕێککەوتنێکی مێژوویی.”

لای خۆیەوە سەرۆکی دانوستانکاری لوبنان، ئیلیاس بو سەعب، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، رێککەوتنە پێشنیار کراوەکە “هەموو پێداویستییەکانی لوبنان لەبەرچاو دەگرێت و بەم زووانە دەتوانێت ببێتە رێککەوتنێکی مێژوویی”.

ناکۆکییەکە بە دەوری ناوچەیەکی کێشە لەسەری دەریای ناوەڕاستدا دەسوڕێتەوە کە رووبەرەکەی 330 میل چوارگۆشەیە و دەوڵەمەندە بە گاز، کە بەهای ملیارەها دۆلارە.

ئەمەش پێویستی رێکەوتنێکی بەپەلە بووە، چونکە ئامێری ‘هەڵکەندنی کاریش’ کە پڕۆژەیەکی گەورەی گازی ئیسرائیلە و حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت دەکەوێتە باشووری ناوچە کێشە لەسەرەکە، ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی کارکردن، لە کاتێکدا حیزبوڵای لوبنانی ئەمەی بە “هێڵی سوور” ناوبردووە.

هەفتەیەک لەمەوبەر وا دیار بوو هەردوولا بەرەو رێککەوتن دەڕۆن، بەڵام دانوستانەکان وەستان دوای ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل هەموارکردنی هاوتا لوبنانیەکانیان بۆ رەشنووسی رێککەوتنەکە رەتکردەوە.

بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بەردەوام بوون لە نێوەندگیری لەنێوان ئەو دوو لایەنە تا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ئەو ناکۆکیانەی کە مابوونەوە چارەسەر کران و دەقی کۆتایی بۆ ئەو دوو لایەنە نێردرا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر