کۆبانی.. نۆ ساڵە ڤاکسینی قوتابخانەکان نەگەیشتووەتە شارەکە

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی دەستەی تەندروستی لە هەرێمی فورات رایگەیاند، ماوەی نۆ ساڵە ڤاکسینی قوتابخانەکان نەگەیشتووەتە هەرێمەکە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.

یەکشەممەی رابردوو، دەستەی تەندروستی دەستی بە هەڵمەتێکی کوتان کرد کە منداڵان و قوتابیانی قوتابخانەکان بە ژمارەیەکی کەم دەگرێتەوە، ئەمەش یەکەمجارە لە شاری کۆبانی لە ساڵی 2013ەوە، دوای گەیشتنی ڤاکسین لە رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە.

ئەحمەد مەحمود کە هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستییە لە هەرێمی فورات رایگەیاند، ڤاکسینەکان لە رێگەی رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە دەگەنە ناوچەکە، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ بەدەستهێنانی ڤاکسینی زیاتر.

مەحمود بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستەکە مانگانە بەدواداچوون بۆ پرسی کوتانی رۆتینی و هەڵمەتەکانی کوتان دەکات، بەڵام ئەو بڕەی کە بۆ هەرێمەکە تەرخانکراوە کەمە و بەش ناکات.

دوایین هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی ئیفلیجی منداڵانی، کە منداڵان لە یەک ڕۆژەوە تا پێنج ساڵ دەگرێتەوە، هەروەها ڤاکسینی جۆری MRی سورێژە کە منداڵانی تەمەن حەوت مانگ تا پێنج ساڵ دەگرێتەوە.

رانیا کاوی، سەرپەرشتیاری بەشی ڤاکسینەکانی دەستەی تەندروستی لە هەرێمی فورات رایگەیاند، لەم دواییانەدا لە رێگەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە تەنها 10 هەزار ژەمی ڤاکسینی قوتابخانەکان، گەیشتوونەتە کۆبانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژەمانە بەشی منداڵانی هەرێم ناکەن، چونکە پێویستی کۆبانی بۆ کوتانی قوتابخانەکان لانیکەم 15 هەزار ژەمە ڤاکسینە.

هەڵمەتی کوتانەکە دە رۆژ دەخایەنێت، هەروەها 42 ئەندامی مانگی سووری کوردی هەڵمەتی کوتانەکە لە سێ ناوەندی شارەکە ئەنجام دەدەن کە بریتین لە ناوەندی مانگی سووری کوردی، ناوەندی تەندروستی مەشتە نوور و قوتابخانەی شەهید بەرفین، ئەم جگە لە تیمە گەڕۆکەکان لە گوندەوارەکان.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی : زانا ئەلعەلی