ئاژانسە ناوخۆییەکان: لەم ھەفتەیەدا سەرۆک کۆماری عێراق ھەڵدەبژێرێت

هەولێر- نۆرس پرێس

ئاژانسە ناوخۆییەکانی عێراق باس لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا.

لەمبارەیەوە هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی مالیکی جەختی کردووەتەوە کە لایەنەکان رێککەوتوون رۆژی چوارشەممە 12.10.2022 دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت.

لە لایەکی ترەوە،  جاسم موسەوی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکرد، لەم ھەفتەیەدا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت.

موسەوی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵە ناوخۆییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، چوارچێوەی ھەماھەنگی لەم ھەفتەیەکدا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار رێکدەخات لە پێناو ھەنگاونان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ.

وتیشی، لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران کار بۆ تێپەڕاندنی کاندیدێکی تەوافوقی دەکەن کە جێگەی رەزامەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بێت.

بەوتەی جاسم موسەوی، رەوشی گشتی لە عێراق بەرگەی دواخستنی زیاتری پێکھێنانی حکومەت  ناگرێت و پێویستە  کۆتایی  بە چەقبەستویی سیاسی بھێنرێت.

تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ رێککەوتنێکیان لەبارەی بەربژێرێکی هاوبەشی سەرۆککۆمار رانەگەیاندووە، دوێنێش رێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستە لە دیداری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لەو بارەوە نەکراوە.

هەروەها رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان قبووڵی ناکەن بە دوو بەربژێر بچنە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.