لە کۆبانی شانۆگەری “ئایا کەست کوشتووە؟” نمایشکرا

کۆبانی – نۆرس پرێس

شانۆگەری “ئایا کەست کوشتووە؟” کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە شاری کۆبانی، لە رۆژئاوای کوردستان، نمایشکرا، پەیامی بنیاتنانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و دواکەوتوویی دەگەیاند.

شانۆگەرییەکە لە نووسینی شانۆنامەنووس عەبدولفەتاح قەلعەچی و دەرهێنانی خەلیل تەحلۆ، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی شانۆیی “ئارین.. پایەکانی ئاشتی”  لە خولی دووهەمی خۆیدا، لەسەر شانۆی ناوەندی باقی خەدۆ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر لە کۆبانی، نمایشکرا.

خەلیل تەحلۆ بە نۆرس پرێسی وت، شانۆنامەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو بیرۆکەیەی کە “مێژوو بە دووبارەکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک لە نەزانی و دواکەوتوویی و نەبوونی کەسانی خاوەن توانست خۆی دووبارە دەکاتەوە”.

بەپێی بیرۆکەی شانۆناکە، “قۆناغە مێژووییەکان نەیانتوانی مرۆڤ لە نەزانی و “بەفیڕۆدانی هزری” رزگار بکەن”.

تەحلۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان لە بەرجەستەکردنی ئەم کارە شانۆییەدا “بنیاتنانەوەی مرۆڤێکی پڕچەک بە زانست و مەعریفەیە، و بانگەوازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و گەندەڵی و هەژاری و دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و شۆڕشە دژی نادادپەروەری”.

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆیی “ئارین..پایەکانی ئاشتی” رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە شاری کۆبانی دەستیپێکردوە و تا 14ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی