هەولێر- نۆرس پرێس
لە ساڵیادی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا مستەفا كازمی پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوەو داوای لە سەرجەم لایەنەسیاسییەکانی عێراق کرد روبكەنەوە لۆژیكی دانووستان و گفتوگۆی هێمنانە و بونیاتنەر، بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی لەئارادایە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵیادی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقدا کە لە 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 دا ئەنجام درا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو،تیایدا رایگەیاند ” دوای ساڵێک ئەو ئەزموونە سەلماندی پەنابردن بۆ سندوقەکانی دەنگدان، پێویستە ھاوتا بێت لەگەڵ باوەڕی ھێزە سیاسییە بەشدارەکان و پراکتیزەکردنی کردەی سیاسی بە گوێرەی چوارچێوە کلتورییەکان و دیموکراسییەت.”
کازمی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ساڵی رابردوو ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێوەیەکی دادگەرانە و پیشەییانە بەڕێوەچوو بەشایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەموو چاودێرانی پڕۆسەکە.
وتیشی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرباری ھێرشە بێ ویژدانەکان، بە ھێمن و عەقڵانییەت لەسەر رێچکەیەکی جیاواز کاریانکردووە کە پەنا بۆ دیالۆگ و ھاوکاری ھاوبەش ببەن لەگەڵ سەرجەم ھێزە سیاسییە جیاوازەکان لەپێناو بەرقەراری و ھێمنی.
“کازمی” جارێکی تر داوای لە ھەموو لایەن و ھێزە سیاسییەکان کرد پەنا بۆ لۆژیکی دیالۆگی عەقڵانی و ھێمن و بنیاتنەر ببەن، لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و بەرەوپێشبردنی چارەسەری ھەمەلایەنەی نیشتمانی، کە دیموکراسییە ساواکەیان بەھێزبکات و پاڵپشتی پایەکانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق بکات.