یۆنامی داوا لە لایەنە عێراقییەکان دەکات پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق/ یۆنامی، داوای دیالۆگیان لە لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کرد بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان و پێکهێنانی حکومەت.

ئەم بانگەوازە نێودەوڵەتییە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی یاسادانان لە عێراقدا دێت بەبێ گەیشتن بە کۆدەنگی سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە “چین و ئەکتەرە سیاسییەکان” کرد کە بەبێ پێشمەرج رێککەون و بەشداری دیالۆگ بکەن بۆ ئەوەی حکومەتێکی بە دەسەڵات و کاریگەر پێکبهێنن.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “ساڵێک لەمەوبەر عێراقییەکان بە هیوای نەخشەکێشانی ئایندەیەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، کە تێیدا سەدەها گەنجی عێراقی کوژران و هەزارانیش بریندار بوون”.

نوێنەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان سیاسەتی دابەشکاری بەدوای خۆیدا هێنا کە “نائومێدییەکی گشتی و ئاڵۆزییان لێکەوتەوە”.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، قەیرانە درێژخایەنەکە ئاماژەیە بۆ ناسەقامگیری زیاتر.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر