ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد داوا له توركیا ده‌كات سنوورێك بۆ مه‌ینه‌تی دانیشتوانی سه‌رێ كانێ و گرێ سپی دابنێت
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه، ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد داوای له توركیا‌و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد، سنورێك دابنێن بۆ مه‌ینه‌تی دانیشتوانی سه‌رێ كانێ و گرێ سپی.
سكرتاریه‌تی گشتی ئه‌نجومه‌نه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا به بۆنه‌ی داگیركردنی ئه‌و دوو ناوچه‌یه له لایه‌ن توركیاوه رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره به بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و دامه‌زراندنی پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منی، هێرشی كرده سه‌ر ئه‌و دوو ناوچه‌یه، به‌ڵام به هۆی پرۆسه سه‌ربازییه‌كان ده‌یان هه‌زار كه‌س له دانیشتووی ناوچه‌كه به ناچاری ئاواره‌بوون بۆ شار‌و گونده‌كانی ده‌ورووبه‌ر له‌و كاته‌شه‌وه له بارێكی نا‌هه‌مواردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ندێك له گروپه چه‌كداره‌كان، تاوان و تاڵانكارییان ئه‌نجامداوه‌و خێزانی دیكه‌یان له‌و ناوچانه نیشته‌جێ كردووه. به‌یاننامه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كورد به توندی ئه‌و پێشێلكاریانه سه‌ركۆنه ده‌كات و داوا ده‌كات گروپه چه‌كداره‌كان له‌و ناوچانه ده‌ربكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌كان به ئاشتیانه بگه‌رێنه‌وه شوێنی خۆیان و ئه‌و كه‌سانه‌شی تاوانیان ئه‌نجامداوه دژ به گیان و ماڵی هاوڵاتیان دادگایی بكرێن.