خولی شەرعی لە ترسناکترین کامپەکانی “داعش” لە نزیک حەسەکە
حەسەکە – نۆرس پرێس
ژنانی رێکخراوی “داعش” لە کامپی ئەلهەول، رۆژهەڵاتی حەسەکە، خولێکی شەرعییان کۆتایی پێهێنا کە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ کرابوەوە.
نۆرس پرێس گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئاهەنگی کۆتایی هاتنی خولەکەی بەدەست گەشتووە کە لە بەشی پەنابەرانی کامپەکەدا “کامپی ئەلهەول” سازدرابوو.
دیمەنەکانی گرتەکە کە لە ناو خێوەتەکەدا گیراون، دیوارەکان پیشان دەدات کە ئاڵای رێکخراوی داعشیان لەسەر هەڵواسراوە و ژنێک بە زمانی روسی قسە بۆ کۆمەڵێک منداڵ دەکات.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناو کامپەکەوە بە نۆرس پرێسی وت، لایەنە ئەمنیەکان ئەو ژنەیان دەسگیر کردووە کە قسە بۆ منداڵەکان دەکات و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە.
ژنەکەش دانی بەوەدا ناوە کە ئەو دیمەنە ڤیدیۆییە ئاهەنگی تەواوکردنی خولێکی شەرعیە بۆ منداڵان کە لە کامپەکەدا بۆ منداڵانی ژێر 16 ساڵ سازکرابوو.
کامپی ئەلهەول، 45کم رۆژهەڵاتی حەسەکە هەڵکەوتووە، 55825 کەس لە خۆی دەگرێت، 28723 یان هەڵگری رەگەزنامەی عێراقین و 18848 یان ئاوارەی سورین و 8254 کەسیان بیانین، ئەوەش بەگویرەی دواین ئامار کە نۆرس پرێس بەدەستی گەشتووە.