ئەمریکا کوشتنی جێگری والیی داعشی لە سوریا راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد رۆژی پێنجشەممە، کاتژمێر 6:32 خولەکی ئێوارە بە کاتی سوریا “هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی سەرکەوتوویان لە باکووری سوریا کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا هەریەک لە ئەبو هاشم ئەلئەمەوی، جێگری والیی داعش لە سوریا و بەرپرسێکی دیکەی باڵا کە لەگەڵیدابووە کوژران”.
لەبارەی زیانەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، هیچ زیانێک بەر خەڵکی سڤیل نەکەوتووە. هاوکات، دەڵێت، هیچ هێزێکی ئەمریکا بریندارنەکراون و نەکوژراون و هیچ زیانێکیش بەر کەلوپەلی ئەمریکا نەکەوتووە.
ئێریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە دەڵێت: “ئەم هێرشە توانای داعش لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و هێرشکردنە سەر هێز و هاوبەشەکانمان کەمدەکاتەوە.” دەشڵێت، “بۆ دڵنیابوون لە بەزاندنی داعش” هێزەکانیان لە ناوچەکەدا دەمێننەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، هێزەکانی ئەمریکا بە هێلیکۆپتەر ئۆپەراسیۆنێکی دیکەیان لە باشووری قامشلۆ ئەنجامدا و بەرپرسێکی داعشیان کوشت. بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، سێ هێلیکۆپتەری سوپای ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە هێلیکۆپتەر ئۆپەراسیۆنێکیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە نزیک قامشلۆ ئەنجامدا و راکان واحید ئەلشەمەری، بەرپرسێکی داعشیان کردە ئامانج”.
سەرچاوە خۆجێیەکانیش ئاماژەیان بەوە دا، هێرشەکە لە گوندی مولوک سەرای لە باشووری قامشلۆ کراوە، کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتی سووریادایە.
لەبارەی ئەو بەرپرسەی داعشەوە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، بەرپرسەکە “ئاسانکاری بۆ کاری بەقاچاخبردنی چەک و چەکدار بۆ پاڵپشتی لە جموجووڵەکانی داعش دەکرد”.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا گوتیشی، لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا کەسی بەئامانجگیراو کوژراوە و هاوکارێکی بریندارکرا و دوو هاوکاری دیکەشی لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستبەسەرکران.