سەرۆکی ئەمریکا: ھەڕەشەکانی پوتین بە بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی گاڵتە نین

هەولێر – نۆرس پرێس

سەبارەت بە ھەڕەشە ئەتۆمییەکانی ڤلادمیر پوتین سەرۆکی رووسیا، جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پوتین گاڵتە ناکات و واشنتۆن ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدات.

“بایدن” لە کۆبوونەوەیەکی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکادا لە نیویۆرک رایگەیاند، ھەڕەشەکانی پوتین بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی یاخود کیمیایی و بایۆلۆجی لە ئۆکراین گاڵتە نین، چونکە سوپاکەی لاوازە.

وتیشی، ئەو ھەڕەشانە مرۆڤایەتی روبەڕووی مەترسی کۆتاییھاتنی جیھان دەکاتەوە و  ئەوەی لەئێستادا تێیدا دەژین مەترسیدارترین رەوشە و لەدوای قەیرانی مووشەکەکانی کوبا، جیھان روبەڕووی ھەڕەشەی لەو جۆرە نەبووەتەوە.

پێشتریش “بایدن” رایگەیاندبوو کە بە دووری نازانێت لە لوتکەی 20 لە ئیندۆنیزیا چاوی بە ھاوتا روسییەکەی بکەوێت، بەڵام کۆشکی سپی پێچەوانەی “بایدن” چەندینجار باسی لەوە کردووە کە لەئێستادا ھیچ ئاماژەیەک نییە کە روسیا چەکی ئەتۆمی لە جەنگی ئۆکراین بەکاربھێنێت.