تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە هەولێر

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەم دوانیوەڕۆیە ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەربەستی لە هەولێر تەقییەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و پارێزگاری هەولێریش دەڵێ، ئەو کەسە ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو و لە دژەتیرۆری یەکێتی دەوامی دەکرد.

ئاژانسی پاراستن و زانیاریی یەکێتی ئەمڕۆ هەینی، لە روونکردنەوەکەیدا داوای کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان “راستیی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەرییان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن.”

لە راگەێنراوەکەیاندا هاتووە، ” پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەرووداوێکی نەخوازراودا لەشاری ھەولێر ، ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێز عەقید ھاوکار  عەبدوڵا ناسراوبە  ( ھاوکار جاف )کرایە ئامانج و بەداخەوە شەھیدکرا “.

هەر بە گوێرەی راگەێنراوەکەی ئاژانسی پاراستن و زانیاری، قوربانیەکە  لەئەرک و فەرمانی فەرمیدا رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لەھێزەکانی دژەتیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کردووە .

لە کۆتایی راگەێنراوەکەدا هاتووە، ” وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەین کە نمونەیەکی بەرزی قوربانیدانن ، ھیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین ، داواش دەکەین لەھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم لەلێکۆڵێینەوەکانیاندا وردبن و راستی رووداوەکە و تۆمەتباران  بۆ رای گشتی ئاشکرابکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن .”