ئەردۆگان: ئەگەر کاتی هات دەتوانین لەگەڵ سەرۆکی سوریا کۆبینەوە

 هەولێر – نۆرس پرێس

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت،” ئەگەر کاتی هات، لەگەڵ سەرۆکی سووریا دەتوانن بچنە سەر شێوازی کۆبوونەوە، ئێستا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سوریا لەسەر ئاستی خوارەوە به‌ڕێوه‌ده‌چێت.”

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە دوای بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەی “کۆمەڵگەی سیاسیی ئەوروپا” لە قەڵای پراگ لە چیک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدا.

ئەردۆگان لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا گوتی، “هەر کە کاتی هات، ئێمە لەگەڵ سەرۆکی سووریا دەتوانین کۆبینەوە.”

ماوەیەکە باس لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان تورکیا و سووریا دەکرێت، پێشتر دەزگا هەواڵگرییەکانی هەردوو وڵاتەکە پێکەوە کۆبوونەتەوە.

ئەردۆگان سەبارەت بە کۆمەڵگەی سیاسیی ئەوروپا گوتی، “ئێمە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە هەرگیز قبووڵی ناکەین ئەم پلاتفۆرمە زیان بە پرۆسەی ئەندامبوونمان بگەیێنێت”.

ساڵانێکە تورکیا هەوڵی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا دەدات، بەڵام یەکێتییەکە دەڵێت، تورکیا پابەند نەبووە بە مەرج و رێنوێنییەکانی ئەندامبوون لە یەكێتییەکە، بە تایبەتی لە پرسی ماف و ئازادییەکان و پرسی کورد لەو وڵاتەدا.

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا، ئەردۆگان گوتی: “ئەو ئاستەنگانەی کە دەخرێنە بەردەم تورکیا دادپەروەرانە نین و ئەم دۆخە زیان بە بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەگەیێنێت. پێشبینی دەکەین یەکێتیی ئەوروپا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای روانگەی پەیوەستبوون بەرەوپێش ببات، بەبێ ئەوەی تەسلیم بە بەرژەوەندی و تەماحی هەندێک وڵات ببێت. چاوەڕوانی بنەڕەتی و سەرەکیمان ئەوەیە کە کۆمەڵگەی سیاسیی ئەوروپا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا بەهێز بکات و بەشداری لە پرۆسەی ئەندامبوونمان بکات.”

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە سوێد گرت و گوتی: “تاوەکو ئەو کاتەی رێپێوانەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سوێد بەردەوام بن و ئەو تیرۆریستانە لە پەرلەمان ئامادە بن، تێڕوانینی ئێمە بۆ سوێد ئەرێنی نابێت”.