پزیشکی دادی ئێران ئەنجامی پشکنینی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاودەکاتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
پزیشکی دادی ئێران ئەنجامی پشکنینی هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت کە مەرگی ژینا ئەمینی بەهۆی بەرکەوتنی زەبرەوە نەبووە.
بە وتەی پزیشکی دادوەری سەر بە رژێمی ئێران، دوای نەشتەرگەرییەک کە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا ئەنجامیداوە تووشی کێشە بووە لە بەشێکی کۆئەندامی دەماردا، لە کاتی دەستگیرکردنیشی جەستەی توانای بەرگەگرتنی ئەو دۆخەی نەبووە کە تووشی بووە، بۆیە دوای چەند رۆژێک گیانی لەدەستداوە.
پزیشکی دادی ئێران ئاماژە بەوەش دەدات، ژینا ئەمینی لە رۆژی 13-09-2022 تووشی بوورانەوە بووە، بەپێی بەڵگەی پزیشکانی نەخۆشخانە و سی تی سکانی مێشک و سییەکان، دەرکەوتووە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بەهۆی بەرکەوتنی زەبر بەر سەر و جەستەی نەبووە.
ئەم وتانەی پزیشکی دادوەری ئێرانی لەکاتێکدایە کە ناڕەزاییەتیەکی زۆر لە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، شەقامەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان تەنیوە و وردە وردە خەریکە کاردانەوە نێودەوڵەتیەکانیش زیاتر دەبن بۆ پشتگیری کردن لەو شۆڕش و سەرهەڵدانەی گەلی کوردی رۆژهەڵات و گەلانی تری ئێران.