بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئێران و رۆژهەڵات وەزیری دەرەوەی بەلجیکا قژی خۆی بڕی

هەولێر – نۆرس پرێس

تا دێت پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکان دژ بە شەهید کردنی ژینا ئەمینی و شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەبێت، دوێنێ پێنجشەممە، حاجە لەحبیب وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە دانیشتنێکی پەرلەمانی بەلجیکادا، وەک هاوسۆزییەک بۆ ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەڵقەیەکی قژی خۆی بڕی و سەرکوتکردنی “بەرگە نەگیراو”ی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی شەرمەزار کرد.

وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، حاجە لەحبیب، بە بنەچە جەزائیرییە  و پێشتر رۆژنامەوان و پێشکەشکار بووە لە چەند دەزگایەکی راگەیاندنی بەلجیکی، لەدایکبووی هەرێمی واڵۆنیای بەلجیکایە و لە برۆکسلی پایتەخت گەورەبووە.

قژ بڕینەکەی بە پێشنیاری  نوێنەرێکی پارلەمانی بەلجیکای ئۆپۆزسیۆنی بەڕەچەڵەک ئێرانی بووە، کە لە دانیشتنەکەی دوێنێی  لێپرسینەوە لە حکومەتدا لە پەرلەمان، لە تەنیشتی دانیشتووە.

ئەو بە لەحەبیبی وتووە کە “شۆک” بووە بە شێوازی مردنەکەی ژینا ئەمینی لە مانگی رابوردودا لە تارانی پایتەختی ئێران.

ئەو پەرلەمانتارە لەبەردەم نوێنەرانی بەلجیکادا بۆ لەحەبیبی پشتڕاستکردەوە کە “رەنگە تا ئێستا سەرکوتکردنەکان لە ئێران بووبنە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 150 کەسی، بەبێ ئەوەی سەدان بریندار و دەستگیرکراو هەژمار بکرێت”.

هاوشێوه‌ی ئه‌مریکا که‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ سزای ئابووری بۆ سه‌ر حه‌وت به‌رپرسی باڵای ئێران راگه‌یاند به‌هۆی ڕۆڵی ئه‌وان له‌م سه‌رکوتکردنانە‌دا، ره‌نگه‌ یه‌کێتی ئه‌ورووپاش له‌م نزیکانه‌دا گه‌مارۆ بسه‌پێنێت به‌سه‌ر رژێمی ئێراندا که‌ به‌ به‌رپرسی ئه‌م دۆخهی‌ ده‌زانێت.

ئەم پرسە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بیست و حەوت وڵاتدا دەخرێتەڕوو کە لە 17ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت.

بە وتەی لەحبیب، هەشت وڵاتی یەکێتی ئەوروپا (فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، دانیمارک، بەلجیکا، کۆماری چیک و لۆکسمبۆرگ) بە هاوبەشی داوای سەپاندنی سزا بەسەر سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکانی ئێراندا دەکەن کە فەرمانی سەرکوتکردنەکەیان دەرکردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: بەهزاد