پەرلەمانتارێكی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پشتگیری لە ژنانی ئێران و رۆژهەڵات قژی خۆی دەبڕێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ژنە پەرلەمانتارێکی یەکێتیی ئەوروپا کە بە بنەچە عێراقییە لە نێو پەرلەمانی ئەوروپادا دا قژی خۆی دەبڕێت و بە زمانی کوردی درووشمی: “ژن، ژیان، ئازادی” دەڵێتەوە.
عەبیر سەهلانی، سوێدی بە بنەچە عێراقی لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتیی خۆی بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و قژی خۆی بڕی و سەرزەنشتی پەرلەمانی ئەوروپا و سیاسەتمەدارانی ئەوروپای کرد کە مینجە مینج دەکەن و بە توندی دژ بە رژێمی ئیسلامی ئێران ناوەستنەوە، دەرهەق بە کوشتن و چەوساندنەوەی گەلانی ئێران.”

سەهلانی گوتی، ” سێ هەفتەی بەردەوام لە بوێری پیشاندان لە لایەن ژنانی ئێرانەوە، ژنانی فارس و ئازاری و کورد باجێکی گەورە بە ژیانیان دەدەن بۆ ئازادی، وادیارە لای ئێوە بەو جۆرە نییە بەڕێز بۆرێل”.
رووی دەمی لە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کرد، کە ئێستا رۆڵی نێوەندگێڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەبینێت بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و گوتی: ” لە کۆبوونەوە گشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەمەتان بە هەند وەرنەگرت و لە پشتی ژنانی ئێرانەوە نەوەستان ؟”
سەهلانی کە توڕەیی بە دەموچاویەوە دیار بوو بە دەنگێکی دلێر لە ناو هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپادا هاواری کرد:
“بەسە دەرکردنی راگەیێندرا، بەسە لە ژێر لێوەوە رەخنەگرت، بەسە مینجە مینج، ئێستا کاتی قسەکردنە کاتی کردارە”.
نزیکەی سێ هەفتەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بەردەوامە.
بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تاوەکو رۆژی 04-10-2022 لانیکەم 154 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 27 کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
سەهلانی بەردەوام بوو و وتی:” دەستەکانی رژێمی مەلاکان لە ئێران بە خوێن سووربوون، نە مێژوو، نە ئەڵڵا، نە خودا لێتان خۆش نابێت، بەهۆی ئەو تاوانکارییەی دژ بە مرۆڤایەتی دەیکەن، دژ بە هاووڵاتییەکانی خۆتان”.
رایگەیاند: ” ئێمە وەک هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا، داوای راگرتنی بێمەرج و بەپەلەی توندوتیژیەکان دەکەین، دژ بە ژن و پیاوانی ئێران، تا ئەوکاتەی ئێران ئازاد دەبێت تووڕەیی ئێمە لە سەرکوتکەرەکان زیاتر دەبێت”.
عەبیر سەهلانی لەوکاتەدا کە بۆ پشتگیری ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قژی خۆی دەبڕی، هاواری دەکرد:
تا ئەوکاتەی ژنانی ئێران ئازاد دەبن
ئێمە لەگەڵتان ئەوەستین
ژن ژیان ئازادی
ژن ژیان ئازادی