تەندروستی جیهانی 10 هەزار توشبووی کۆلێرا لە سوریا دەستنیشان دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
شەوی چوارشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرایان دەستنیشانکردووە.
سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، رایگەیاند کە “کۆلێرا نەخۆشییەکی جیاوازە کە بە شێوەیەکی نەخوازراو سەرهەڵدەداتەوە” لە سەرانسەری جیهاندا، و حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان “چەند قاتی ساڵانی رابردووە”.
لە كۆنفراسێکی میدیاییدا سەبارەت بە نەخۆشییەكە، گێبریسۆس رایگەیاند، لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار حاڵەتی گومانلێكراو لە سووریا تۆمار كراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارە راستەقینەکان لەوە زیاترن، بەڵام زۆرێک لە لایەنەکان “ژمارەی متمانەپێکراو پێشکەش ناکەن.”
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی سوریا، لانیکەم 39 کەس بەهۆی نەخۆشی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات کۆی گشتی تووشبووان بە نەخۆشیەکە 594 کەسە، کە بەسەر 11 پارێزگادا دابەشکراون.
لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری، دەستەی تەندروستی لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی گومانلێکراو بە کۆلێرا گەیشتووەتە 2864 کەس، و 78 حاڵەت پشتڕاستکراوە، هەروەها 16 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراوە.
لە رۆژئاوای کوردستان “تۆڕی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەرپەرچدانەوەی پەتا” 297 حاڵەتی گومانلێکراوی تۆمارکردووە و 24 حاڵەتی پشتڕاستکراوەشیان تۆمار کردووە.
سکرتێری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، پەتای کۆلێرا دەکرێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا مرۆڤ بکوژێت، بەڵام دەتوانرێت بە “ڤاکسین و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و پاکوخاوێنی” رێگری لێبکرێت، هەروەها دەتوانرێت بە ئاسانی وشکبوونەوە چارەسەر بکرێت لە رێگەی دەمەوە یان دەرمانی دژە زیندەیی بۆ حاڵەتە قورسترەکان.
بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، “زۆر کەس لە سەرانسەری جیهان دەستیان بەم پێداویستییە پزیشکییە سادانە ناگات”، داوای لە کۆمپانیاکانی دەرمان و بەرهەمهێنەرانی ڤاکسین لە جیهاندا کرد “بەرهەمهێنان زیاد بکەن”.