ڕاپۆرتێکی بەریتانی: تورکیا بە ده‌ست هه‌بون له جینۆسایدی ئێزدییەکان تۆمەتبار دەکرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
لە راپۆرتێکی لیژنه‌یه‌كی مافپارێزدا، کە ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه رۆژنامەی “گاردیان”ی به‌ریتانی بڵاویکردوەتەوە، تورکیا بە هاوبەش و ده‌ستهه‌بون له لە جینۆسایدی ئێزدییەکان تۆمەتباركراوه، هاوکات رەخنە لە رۆڵی سوریا و عێراقیش گیراوه.
هێلینا کێنێدی، پارێزەری مافی مرۆڤی بەریتانی، کە هاوکاربوه لە نوسینی ئەو ڕاپۆرتە 278 لاپەڕەییەدا، وتویه‌تی، پێویستە تورکیا لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتیدا روبه‌ڕوی تۆمه‌تی هاوبەشی لە جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان بكرێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه، كه هه‌ریه‌كه له سوریا و عێراقیش شكستیانهێنا له ئه‌ركی پاراستنی ئێزدییەکان له‌و كوشتاره‌ی روبه‌ڕویان بویه‌وه.
لە راپۆرته بەریتانیه‌كه‌دا تیشک خراوه‌ته سەر ئەو بەرپرسیارێتیەی دەوڵەتان هەڵیدەگرن بۆ رێگریکردن لە جینۆساید لەسەر خاکی خۆیان، تەنانەت ئەگەر لەلایەن لایەنێكی سێیەمی وەک دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یشەوە ئەنجامدرابێت.
لە راپۆرتەكەدا لە زاری ئەو پارێزەرانەوە، كە لەژێر چەتری لیژنەی دادی ئێزدییەكان كۆبونەتەوە (YJH)، باس له‌وه‌كراوه، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان لێپرسینەوە بونی هه‌یه به مه‌به‌ستی رێگریكردن لە تاوانی جینۆساید بەپێی رێككەوتننامەی جینۆساید.
جێفری نایس کیو سی، سەرۆکی لیژنەکە؛ جینۆسایدی دژی گەلی ئێزدی بە “شێتی خراپەکاری” وەسفکردوە.
ئه‌وه‌شی وتوه، “ئەو میکانیزمانەی له به‌رده‌ستدابون، ده‌كرا ئێزیدییەکان له‌و روداوانه رزگاربكه‌ن كه ئێستا بەشێکە لە ڕابوردویان و تێكچونی شیرازه‌یان.”
راپۆرتەكە دوای لێكۆڵینەوەیەكی سێ ساڵە لە ره‌فتاری 13 وڵات ئاماده‌كراوه‌و بەو ئەنجامە گەیشتوە؛ سێ وڵات لە هه‌نگاونانی لۆژیكیدا شكستیانهێناوە تا رێبگرن له كوشتاری ئێزیدییه‌كان.
به‌پێی ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌كه‌دا هاتوه، به‌رپرسانی توركیا وتویانه، ئه‌و تۆمه‌تانه بنه‌مای راستییان تێدا نییه.
سەبارەت بە تورکیا، لیژنه‌كه زیاتر رۆشتوه‌و سەرکردەکانی ئه‌و وڵاته‌ی بە “ده‌ستهه‌بون لە کۆمەڵکوژییەکان” تۆمەتبارکردوه، دوای ئەوەی نەیتوانیوه چاودێری سنورەکانی بکات بۆ رێگریکردن لە لێشاوی په‌یوه‌ندیكردنی چەکدارانی داعش به رێكخراوه‌كه‌وه.
بەڵام بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندوە کە ئەو رەخنانە “بێ بنەمان”، بەپێی راپۆرتەکە.
ئومیت یاڵچین، باڵیۆزی تورکیا لە بەریتانیا وتویه‌تی، رەخنەکان “بێ بنەما و نادادپەروەرانەن”. ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، توركیا “له ساڵانی سه‌ره‌تای ململانێی سوریاوه رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوه له پاراستنی خه‌ڵكی سڤیل و كه‌مینه‌كانی سوریا”.
بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كردوه، ئێزدییەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە رۆژئاوای كوردستان “له ئارامیدا دەژین”
ئه‌و لیژنه مافپه‌روه‌ره ڕایدەگەیەنێت، تا مانگی نیسانی 2014، بەرپرسانی تورکیا چاویان لە فرۆشتن و گواستنەوەو بە کۆیلەکردنی ژنان و منداڵانی ئێزدی داپۆشیوه، هاوکات یارمەتی ڕاهێنانی چەکدارانی داعشیان داوە بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی کورد لە سوریا، ئەمەش پێگەی تاوانبارانی كوشتاری ئێزیدییه‌كانی به‌هێزكردوه.
لە راپۆرتەكەدا هاتوە، بەرپرسانی توركیا، “بەڵگەكانیان دەزانی یان بە ئەنقەست چاوپۆشی‌یان لێكردوە، ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌سه‌ر ئەو كەسانە هه‌بون كه راهێنانەكانیان بەكاردەهێنن بۆ ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ئێزدییەكان”.
ئاشكراشكراوه، كه تۆمەتی هاوشێوەش لەسەر هەندێك لە وڵاتانی كەنداو لەناویانشیاندا قەتەر ئاراسته‌كراوه، بەڵام بەڵگەی پێویست له‌وباره‌یه‌وه نەخراوەتەڕو.
لە راپۆرتەكەدا هاتوه، به هاتنی مانگی حوزەیرانی 2014، عێراق داوای لە نەتەوە یەكگرتوەكان كردوه دان بەو جینۆسایدی ئێزیدییه‌كاندا بنرێت، هاوكات حكومەتی عێراقی به‌وه تۆمەتباركردوە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كردوه بۆئه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان بگه‌یه‌نرێنه ناوچه ئارامه‌كان.
حكومەتی سوریاش به‌وه تۆمه‌تباركراوه، شكستیهێناوە لە رێگریكردن له گواستنەوە و دەستبەسەركردنی ئه‌و ئێزیدیانه‌ی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی كرانه كۆیله.
کێنیدی وتویه‌تی: “دەریایەک قوتاربون له سزا هەیە له کۆمەڵکوژی دژ به ئێزدییەکان”، ئاماژەشی بەوەداوه، ناتوانرێت داعش وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، كه “دەوڵەتەکان شکستیانهێناوە لە ئەرکی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی ڕێگری‌کردن لە کۆمەڵکوژی دژ به گروپێکی نەژادی بە هۆکاری نامرۆڤانە”.
ده‌شڵێت،، ئەگەر لێپرسینەوە له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا نه‌كرێت، “ئەو بەڵێنەی دراوە بۆ دوبارە نه‌بونه‌وه‌ی جینۆسایدەکە، پوچ و به‌تاڵه”.