داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو کردەوەی دژ بە هەسەدە راگەیاند

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە رێگەی ناسێنەری نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو کردەوەی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژهەڵات و باکووری گوندەواری دێرەزوور، راگەیاند.

ئاژانسی ئەعماق نیوز، کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە، چەکدارانی رێکخراوەکە، بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە، ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان کردووەتە ئامانج کە سەرکردەیەکی “هەسەدە”ی تێدا بووە، لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی جەدیدە عەگیدات لە گوندەواری  رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئاژانسەكە ئەوەشی خستەڕوو، بەئامانجكردنەكە بووەتە هۆی برینداربوونی سەركردەکەی هەسەدە و هاوەڵەكانی و زیان بە ئۆتۆمبێلەكە كەوتووە.

لە کردەوەیەکی دیکەدا کە رێکخراوەکە لە دژی “هەسەدە” لە گوندەواری باکووری دێرەزوور، ئەعماق رایگەیاند کە چەکدارانی ئەو داعش توانیویانە ئەندامێکی “هەسەدە” لە گوندی “ئەبو ئەلنیتل”ی سەر بە قەزای ئەلسور، دەسگیر بکەن و دوای لێپرسینەوە بە فیشەک بیکوژن.

تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ لێدوانێکیان لەسەر رووداوەکە نەداوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە کردەوەیەک راگەیاند کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کردبووە ئامانج لە شارۆچکەی جەزرە ئەلمیلاج لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی : قەیس عەبدوڵڵا