فەڕەنسا ژنێک و دوو منداڵەکەی لە کامپێکی رۆژئاوای کوردستانەوە دەگێڕێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ژنێك و دوو منداڵه‌كه‌ی له‌ كه‌مپێكی رۆژئاوای کوردستان هێنرانەوە بۆ‌ فه‌ره‌نسا، له‌وێ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن چاوه‌ڕێی ده‌كرن، راستەوخۆ له‌گه‌ڵ گه‌شتنیان ژنەکە ده‌ستگیركرا و پێشكه‌ش به‌ دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه کرا‌ له‌ پاریس.

ئەو ژنە فەرەنسییە بەڕەچەڵەک مەغریبیە، رۆژی دووشەممەی رابردوو گەیشتەوە ئەو وڵاتە و لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە لە پاریسی پایتەخت، ئامادەبووە، لە کاتێکدا دوو منداڵەکەی خراونەتە ژێر چاودێری تایبەت بە منداڵانەوە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا دەستبەجێ هیچ لێدوانێكی له‌باره‌ی ئه‌و رێكاره‌وە نه‌دا.

بەڵام وەک میدیاکانی فەرەنسا بە گێڕانەوە لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە، ئەم هەنگاوە رێگە بۆ گەڕاندنەوەی زیاتری هاووڵاتیانی فەرەنسی دەکاتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بە تایبەت کە پاریس لە ژێر رەخنەدایە بەهۆی خاوبوونەوەی رێکارەکانی لەم بوارەدا.

لە چواردەی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، سەرکۆنەی فەرەنسای کرد بەوەی کە بە شێوەیەکی دروست لێکۆڵینەوەی لە داواکارییەکانی گەڕانەوەی ماڵباتی “جیهادیەکان” لە سووریا نەکردووە، داوایان لە پاریس کرد پێداچوونەوە بە داواکارییەکانی گەڕاندنەوەدا بۆ وڵاتەکەی بکات.

پاشان وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا وەڵامی بڕیارەکەی دادگای دایەوە و وتی ئامادەیە بیر لە گەڕاندنەوەی نوێ بکاتەوە “هەرکاتێک بارودۆخ ڕێگەی پێبدات”.

لە پێنجی تەمموزی ساڵی رابردوودا، لە یەكەم گەڕانەوەی بەكۆمەڵی منداڵان و ژناندا بۆ فەرەنسا لەدوای رووخانی “خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی/ داعش” لە ساڵی 2019، پاریس 35 منداڵی خوار تەمەنی یاسایی و 16 دایكی لە كامپەكانی سوریا گەڕاندەوە كە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەستابوون بە رێکخستنی ناردنەوەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر