ناڕەزایەتیەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.. 154 شەهید لە 18 رۆژدا

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاشکرای کردوە ژمارەی کوژراوانی 18 رۆژی خۆپیشاندان گەیشتوەتە زیاتر لە 154 کەس و ژمارەی کوژراوانیش لە لە پارێزگاکانی ‘بلوچستان’ و’ سیستان’ و ‘ورمێی’ی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زیاترە لە ناوچەکانی دیکە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی لە 17 پارێزگادا ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندەران کوژراون و لە پارێزگای سیستان و بلوچستان زۆرترین خۆپیشاندەر کوژراوە.

ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوە کردوە دوای سیستان، بلوچستان زیاترین کوژراو لە پارێزگاکانی، مازەندەران، گیلان لە ئێران و پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.

بە پێی راگەیەنراوی رێکخراوی مافی مرۆڤ، تا رۆژی سێشەممە لانیکەم 154 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون کە نۆ کەسیان منداڵ بوون، ئاماژە بەوە کراوە زیاترین ژمارەی کوژراو لە رۆژانی (21-22تا 30/9/2022) تۆمار کراوە کە تەنها لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بلوچستان 63 کوژراو تۆمار کراوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رونی کردوەتەوە؛ لە پارێزگای سنە هەشت کەس و لە پارێزگای ورمێ 11 و لە کرماشان 7و لە ئیلام 1 کەس کوژراون بەڵام رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندوە لە چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 28 کەس شەهید کراون.

هەروەها پێشبینی کراوە بەهۆی دۆخی خراپی بریندارەکانی ئەو 18 رۆژە لە خۆپیشاندان ئاماری کوژراونی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرز ببێتەوە.

لە لایەکی ترەوە ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:

“ئێمە زۆر نیگەرانی ئەوەین کە حکومەتی ئێران تووندوتیژییەکانی بەرامبەر خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکان تووندتر کردووە. داوای مافە سەرەتاکانیان و شکۆیان دەکەین. سەرمان سوڕماوە بە هەندێ لە سەرکوتکارییەکان، بەتایبەتی سەرکوتکارییەکانی بەرامبەر خوێندکاران”.