دژ بە تیرۆر کردنی ناگیهان ئاکارسەل لە زۆربەی شارەکانی باکوری کوردستان خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
هەدەپە رایگەیاند بە مەبەستی ئیدانەکردنی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل لە زۆربەی شارەکانی باکوری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا خۆپیشاندان و چالاکی ئەنجام دەدات.
ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند بە مەبەستی ئیدانەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ناوەندی توێژینەوەی ژنۆلۆژی لە 51 شار و ناوچەی باکوری کوردستان و تورکیا خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.
ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە داوای لە تێکۆشەران و چالاکوانان کردوە کە لە بەرامبەر کوژرانی ئەو ژنە کوردە لە شاری سلێمانی بێدەنگ نەبن و رۆژی چوارشەممە لە شارەکانی تورکیا و باکوری کوردستان خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوان ئەنجام بدەن.

جگە لەوەش لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، ئێوارەی دوێنێ بە هەمان مەبەست خۆپیشاندان سازکرا و بڕیارە ئەمڕۆش بەردەوامیان هەبێت.
ەرلەبەیانی دوێنێ، ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و تیرۆرکرا، ئەوەش هەرزوو کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.