بایدن بەڵێنی سەپاندنی سزای زیاتر بە سەر ئێراندا دەدات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، وتی: ئەمریکا لەم هەفتەیەدا سزای زیاتر دەسەپێنێت بەسەر ئەو ئێرانیانەی کە بەرپرسیارن لە توندوتیژییەکان؛ لە دژی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتیان دژ بە حکومەتی ئێران دەربڕی.

خۆپیشاندانەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەستی پێکردوە، دوای گه‌یشتنەوەی تەرمی ژینا بۆ زێدی خۆی له‌ سه‌قه‌ز، به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری ئێرانەوە‌ به‌ لێشاو روویان له‌ شه‌قامه‌كان كرد.

ئەم خۆپێشاندانانە کە بۆ سێهەم هەفتە لەسەر یەک بەردەوام بوون، لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕووبەڕووی سەرکوتکاری و توندوتیژی بووەوە، بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران لانیکەم 130 کەس کوژران.

بایدن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “زۆر نیگەرانە لە راپۆرتەکانی سەرکوتکردن و توندوتیژی بۆ سەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە ئێران”، بەڵێنی داوە وەڵامی خێرا بداتەوە.

بایدن وتی: “لەم هەفتەیەدا ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر ئەنجامدەرانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز دەسەپێنێت، ئێمەش بەردەوام دەبین لە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئێران، هەروەها پشتیوانی لە مافەکانی ئێرانییەکان دەکەین بۆ دەربڕینی ئازادانە.”

لە لایەکی تریشەوە، کارین جان پیێر، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند؛ خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران “بەڕاستی توڕەن” لە مردنی ژینا ئەمینی و سەرکوتکارییەکانی ئەم کۆتایی هەفتەیە وا لە گەنجانی ئێران دەکات وڵات بەجێبهێڵێت و بەدوای “ژیانێکی شەرەفمەندانەدا بگەڕێن لە شوێنێکی تر.”

ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو؛ زانکۆی تەکنەلۆجیای شەریف، لە ناوەندی شاری تارانی پایتەخت، رووداوەکانی توندوتیژی لە نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکاندا بەخۆوە بینی.

هەرچەندە رووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران؛ هاوکات بوون لەگەڵ دانوستانەکانی دۆسیە ئەتۆمییە درێژخایەنەکان بەبێ ئەوەی بگەنە رێکەوتنی کۆتایی، لایەنی ئەمریکیش باسی لەوە نەکردووە؛ کە ئایا خۆپیشاندانەکان و توندوتیژیەکان کاریگەری لەسەر مەلەفی دیپلۆماسی دەبێت سەبارەت بەو دانوستانانە یان نا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر