مسته‌فا كازمی و نیچیرڤان بارزانی.. پێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری عێراق بگیرێت

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبونه‌وه‌كدا له‌ هه‌ولێر هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن و جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان.

ئه‌مرۆ دووشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێكدا له‌ هەولێر دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق، هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى به‌غدادو هه‌رێمى كوردستان بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و ‏پاراستنى ئاشتيى ناوخۆيى، تاوتوێ كران.

 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، هەردوولا جەختیان كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ “پێويسته‌ رێز ‏له‌ سه‌روه‌ريى عێراق بگيرێت و ره‌تيانكرده‌وه‌ عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانى ‏يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكييه‌ هه‌رێمييه‌كان، هه‌روه‌ها دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندن به‌ په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ‏به‌وه‌ى خاكى عێراق نه‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ‌ ئه‌و وڵاتانه‌.”

مسته‌فای كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ولێرو  زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و كۆبونه‌وه‌ی سازكرد له‌ گه‌ل مه‌سعود بازرانی سه‌رۆك پارتی دیموكراتی كوردستان و نیجیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرۆر بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی كازمی دوای چه‌ند رۆژێك دێت له‌ هێرش و بۆردومانه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 17 كه‌س كه‌ هه‌ندێكیان ژن و منداڵن و برینداربوونی زیاتر له‌ 50 كه‌سی دیكه‌.