برینداربوونی سەرکردەیەکی هەسەدە بە تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو

دێرەزوور- نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، سەرکردەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هاوەڵەکانی برینداربوون، بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوەوە کە ئۆتۆمبێلەکەیانی کردە ئامانج لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی هەسەدە، له‌ شارۆچكه‌ی جەدیدە عەگیدات، 20 كم رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور، رایگه‌یاند، بۆمبێکی چێنراو له‌ بەری راستی رێگای سه‌ره‌كی‌ ده‌روازه‌ی شارۆچكه‌كه‌ دانرابوو و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی کە سەرکردەیەکی ناوخۆیی هەڵگرتووە، كردە ئامانج.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکە بووەتە هۆی برینداربوونی سەختی سەرکردەکە، دواتریش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلساری لە حەسەکە، هاوکات هاوەڵەکانیشی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی لە شارۆچکەکە و تەندروستییان باشە، بەپێی زانیارییەکانی پزیشکێکی نەخۆشخانەکە.

سەرەڕای هەڵمەتە بەردەوامە ئەمنییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچەکەدا، گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور دۆخێکی گەرەلاوژێی ئەمنی بەخۆوە دەبینێت، ئەویش بە هۆی بڵاوبوونەوەی چەک لەنێو خەڵکانی سڤیلدا  و چالاکیی شانەکانی داعش.

دوێنێ یەکشەممە، بۆمبێکی چێنراو لە ناوەڕاستی بازاڕی سەوزە، لە شارۆچکەی جەزرەت ئەلمیلاج،  لە رۆژئاوای دێرەزوور تەقیوەتەوە و زیانەکانیش تەنیا ماددی بوون.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنەوەی : زانا ئەلعەلی