بۆ رۆژی دەیەم.. ئێران بەردەوامە لە بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، ئێران بۆ رۆژی دەیەمین لە سەر یەک بەردەوام بوو لە بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان و بۆردومانکردنی، کە لە ڕێگەی تۆپخانەكانییەوە، تۆپبارانی سنوری برادۆست و باڵەكایەتی دەستپێكردەوە و تا کەمێک پێش ئێستا تۆپبارانەكە بەردەوام بوو.

تۆپبارانەکە، لە سنوری برادۆست لە دووکاتی جیاواز دەستی پێکردووە، کە سەر لە بەیانی ناوچەکانی “سەقەڕ و بەربزینی” کردووەتە ئامانج و دواتریش ناوچەکانی “هۆڕنە و برەشکین و بەربزین و سەقەر” تۆپباران کران.

هاوکات تۆپبارانی سنوری کوێستانی سارکە و بناری هەڵگۆرد و بێرمەساردی لە باڵەکایەتی دەستپێکردووە.

ماوەی 10 رۆژە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە چڕی سنوری باڵەكایەتی و برادۆست تۆپباران دەكات و رۆژی 28ی مانگی رابردوو، هێرشیكردە سەر بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان.