لە هەولێر رێوڕەسمێک بۆ یادی پێنج ساڵەی کۆچی دوایی مام جەلال رێکدەخرێت
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مام جەلال، سەرکردەی دیاری کورد و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەوە رێوڕەسمێک لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
جگە لە بەرهەم ساڵەح، سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەندەها سەرکردەی سیاسی و حکومی عێراقی، وا بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سکرتێر و سەرۆکی زۆربەی حیزبەکانی باشووری کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بن.
وا بڕیارە مستەفا کازمی چاوی بکەوێت بە بەڕێز مەسعود بارزانی و لەکۆبوونەوەکەیاندا باس لە دۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێت.

جەلال تاڵەبانی کوڕی حوسامەددین کوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی زەنگنەیە، لەدایکبووی 12ی تشرینی دووەمی 1933 – لە 3ی تشرینی یەکەمی 2017 کۆچی دوایی کردووە، لە ناو کورددا ناسراوە بە مام جەلال، سیاسەتوانێکی کورد بوو کە وەک شەشەم سەرۆککۆماری عێراق لە 2006 وە تا 2014 خزمەتیکردووە، لەگەڵ سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی حکوومەتی عێراق. یەکەم کوردە کە پۆستی سەرۆککۆماری عێراقی وەرگرتبێت.
مام جەلال لە گوندی کلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە، سەرەتای منداڵی ھەر لەو گوندە دەبێ، پاشان کاتێک باوکی دەبێتە ڕێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، بە ماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتایی لەو شارە تەواو دەکا؛ و قۆناغی ئامادەییش لە کەرکووک و ھەولێر تەواو دەکات.
جلال تاڵەبانی لە تەمەنی لاوێتیدا بە پەیوەست بوون بە پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێ، لە مانگی شوباتی ساڵی 1953 سەرپەرشتی سازدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات و ھەر لەم کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵدەبژێردرێ و ھەر لە ھەمان ساڵدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ساڵانی 1953–1955 دەبێتە سکرتێری گشتی لاوان، لە ساڵی 1959، لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا، خوێندنی باڵا تەواو دەکات.
تاڵەبانی دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی حکوومەتی عێراق بوو، کە دوای کەوتنی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 دامەزرا، زیاتر لە 50 ساڵ داکۆکیکاری ماف و دیموکراسیی کورد بووە لە عێراق، جیا لە زمانی کوردی، بە باشی لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی زانیوە، ھەروەھا توانیوویەتی بە فەڕەنسیش قسەبکات.
لە 3ی تشرینی یەکەمی 2017، لە ئەڵمانیا، بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، لە 6ی تشرینی یەکەمی 2017 واتە دوای سێ ڕۆژ لەکۆچی دواییکردنی تەرمی جەلال تاڵەبانی لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە لە ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە ھەرێمی کوردستان و لە گردی دەباشان بەخاکسپێردرا.