گەڕی شەشەمی پێشانگای کتێبی شەهید هەرگول لە قامیشلۆ

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دەیان نووسەر و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە گەڕی شەشەمی پێشانگای کتێبی “شەهید هەرگول” کە لە 22 بۆ 29ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت.

روناهی حەسەن، جێگری دەستەی رۆشنبیری لە بەڕێوبەری خۆسەری، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، پێشانگاکە هەموو ساڵێک لە 20ی تەمموز لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەدەچوو، بەڵام “بەهۆی باری نائاسایی کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرەوە راگەیەندرا، لە ئەنجامی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە، دواکەوت”.

بەپێی زانیارییەکانی روناهی، لە گەڕی پێشووی پێشانگاکەدا، 13 هەزار ناونیشان و نزیکەی 120 هەزار کتێب و چەندەها دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە وڵاتانی : میسر، لیبیا، جەزائیر، تونس، لوبنان، ئیتاڵیا و چەندەها وڵاتی ترەوە بەشداربوون.

روناهی حەسەن لە دەستەی رۆشنبیری تایبەت بە بەشی کوردی نۆرس پرێس رایگەیاند کە تۆمارکردن بۆ بەشداریکردن و داواکردنی بریکارنامە تا 13ی ئەم مانگە کراوەیە و هیوای خواست دەزگا و نوسەرەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بتوانن بەشداربن.

هەروەک رایگەیاند کە بۆ بەشداری کردن دەتوانن پەیوەندی بە ئیمەیل یان ژمارە تەلەفۆنی رێکخەرانی پێشانگاکەوە بکەن.

روناهی ئاماژەی بەوەدا کە رۆژی کردنەوەی پێشانگاکە ئەمساڵ؛ هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی گەورە شاعیر و نووسەری کورد “جگەرخوێن”.