گاردیان: ئوسترالیا ئامادەکاری دەکات بۆ گێڕانەوەی ژن و منداڵی داعش لە کامپەکانی رۆژئاڤاوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

حکومەتی ئوسترالیا لە پلانیدایە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش، کە ئوسترالین، بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی.

رۆژنامەی گاردیانی بریتانی رایگەیاند کە زیاتر لە 20 ژن و 44 منداڵی چەکداری پێشووی داعشی ئوسترالی لە دوو کامپی رۆژئاوای کوردستانن؛ ئەوانیش کامپەکانی هۆل و رۆژن.

پلانەکەی حکومەتی ئوسترالی بەو جۆرەیە کە 20 کەس لەوان دەگەڕێنێتەوە وڵاتی خۆی، ژمارەیەکی بەرچاو لەوان تەمەنیان لە خوار شەش ساڵەوەیە.

لە ساڵی 2019دا حکومەتی ئوسترالیا هەشت هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە گەڕاندەوە، بەڵام لەو کاتەوە کەسی دیکەی نەبردووەتەوە.

ئەمڕۆ، کلێیەر ئۆنیل، گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ئوسترالیا بە رۆژنامەی گاردیانی بریتانی راگەیاند، “ئامانجی سەرەکیی حکومەتی ئوسترالیا بریتییە لە پاراستنی هاووڵاتییانی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی. بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی ئەم بابەتە، گونجاو نییە لەبارەی ئەم پرسە قسە بکەین.”

زۆرینەی ئەو منداڵانە لە کامپی رۆژن؛ کامپەکە بەوە ناسراوە ئاسایشەکەی لە ئاسایشی نێوخۆی کامپی هۆل باشترە، بەڵام بەشێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، نەخۆشی و کێشەی نەبوونی خواردنی پێویستی تێدایە.

ئەوەی کە پەیوەندیی بە کامپی هۆلەوە هەیە، ژمارەیەکی کەم ئوسترالیی تێدایە. دۆخی کەمپەکە مەترسیدارە و لە 18 مانگی رابردوویشدا زیاتر لە 100 کەس تێیدا کوژراون، ئەوەش بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

دۆخی خراپی کامپەکە بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر ئەندامی شانەی نووستووی داعشەوە وایکرد، مانگی رابردوو هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە هەڵمەتێکی تێدا دەستپێبکات؛ هەسەدە لەو هەڵمەتەدا زیاتر لە 300 کەسی دەستگیرکرد و دەستی بەسەر ژمارەیەک چەکدا گرت. لە ساڵی 2019وە ژمارەیەک حکومەتی وڵاتانی جیهان هاووڵاتییەکانیان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندوونەتەوە، بەمشێوەیە: ئەڵمانیا 91 هاووڵاتی، فەرەنسا 86 هاووڵاتی، ئەمریکا 26 هاووڵاتی، کازاخستان زیاتر لە 700 هاووڵاتی و روسیا زیاتر لە 200 هاووڵاتییان گەڕاندوونەتەوە