140 واژۆ بۆ کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی‌ عێراق کۆدەکرێتەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

دژ بە هێرش و بۆردومانەکانە یەک لەدوای یەکەکانی‌ ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاتر لە 140 واژۆ بۆ کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی‌ عێراق کۆکراوەتەوە.

دوێنێ شەممە، سەکڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، “ماوەی شەش رۆژە کۆماری ئیسلامیی ئێران ھێرش دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ھیچ ھەڵوێستێکی نییە، ئەمەش جێگەی دڵگرانیی ئێمەیە، چونکە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە رێکارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بە ھەرێمی کوردستان دەکرێن، لەروداوی گوندی پەرەخێی زاخۆ چەندین شاندی عێراق سەردانی شوێنی روداوەکەیان کرد، کەچی ئێستا ھەڵویستیان نییە.”

ناوبراو دەشڵێت، “لەناو پەرلەمانتارانی عێراق تا ئێستا زیاتر لە 140 واژۆ کۆ کراوەتەوە و بەردەوامین لە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئەوەی کۆبونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھێرشەکانی ئێران بەڕێوەبچێت.”

بڕیارە ئەمڕۆش لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بە وتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەم تاوتوێکردنە بۆ دیاریکردنی هەڵوێستی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە بەرامبەر ئەو هێرشانە،  “چونکە هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر هێرشەکان لاواز بوو.”

 سەکڤان سندی ڕونیکردۆتەوە، ”ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان کردەوە بۆ کۆبونەوەی پەرلەمان لەھەموو پێکھاتەکانی عێراقن و دەیانەوێت حکومەتی عێراق پابەندبێت بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئەو ھێرشانە، چونکە حکومەت دەتوانێت لەئەنجومەنی ئاسایش و دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکات لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و نابێت حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات.”

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدا بانگهێشت کرد و یاداشتنامەیەکی تووندی ناڕەزایەتیی رادەستکرد.

چوارشەممەی رابردوو ئێران لەڕێگەی 73 مووشەکی بالیستی و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی فراوانی کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و پردێ و گوندی زڕگوێز، بەهۆیانەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی و چەندین ناوەندی جیهانی و وڵاتانیان بەدوای خۆیاندا هێنا، هەروەها نیگەرانیی تووندی نێوخۆییان لێکەوتەوە.