خۆپیشاندانەكانی تشرین كۆتایی هات و زیاتر لە 100 کەس برینداربوون

هەولێر- نۆرس پرێس

درەنگانی دوێنێ شەو خۆپیشاندانی تشرینییەكان كۆتایی هات و لە ئەنجامدا 63 خۆپیشاندەر و زیاتر لە 40 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون.

شارەوانی بەغدا لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، خۆپیشاندانی تشرینییەكان لە مەیدانی تەحریر كۆتایی هات و مەیدانەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆنترۆڵ كرا، هەروەها دەست كرا بە پاككردنەوەی.

بەپێی زانیاریەكانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەهۆی خۆپیشاندانەكەی دوێنێوە لە بەغدا 63 خۆپیشاندەر بریندار بوون، ئەویش بەهۆی غازی فرمێسكڕێژ و گولـلەی پلاستیكی و پاڵنان و كەوتنەوە، هەروەها زیاتر لە 40 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان بەهۆی بەرد و مۆلۆتۆف و چەكی راوەوە بریندار بوون.

رۆژی شەممە، لە یادی خۆپیشاندانەكانی تشریندا، ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر رژانە سەر شەقامەكانی بەغدا و هەوڵی ئەوەیان دەدا بەرەو ناوچەی سەوز بچن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگریان لێكرا و بەهۆی ئەوەشەوە پێكدادان دروستبوو.