وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئێران روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک و ھیچ کاتێک رەزامەندی لە سەر پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئەنجامدانی ئەم هێرشانە نەداوە و بە توندیش سەرکۆنەیان دەکەین.
روونکردنەوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەک وەڵامێک هات بۆ قسەکانی فەرماندەیەکی هێزەکانی ئێران سەبارەت بە دوا هێرشیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و بارەگای پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، “نوێنەر و شاندە ئیرانییەکان لە کۆبوونەوەکان و لە راگەیاندنەکانیش، بە ئاشکرا و بەردەوام هەڕەشەی لێدانی بنکەکانی ئوپۆزسیۆن و بنکەکانی ئەمریکایان کردووە”.
دەشڵێت: “لایەنە ئوپۆزسیۆنەکانیش ئاگاداری ئەو گەف و ھەڕەشانە بوون”.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی کردوەتەوە، کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەك و ھیچ کاتێك، رەزامەندی لە سەر پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئەنجامدانی ئەم هێرشانە نەداوە و بە توندیش سەرکۆنەیان دەکەین.