لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە کابوڵ دەیەها کوژراو و بریندار کەوتەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە هۆڵی تاقیکردنەوەی قوتابیان لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان روویدا، بەهۆیەوە 19 گیانیان لەدەستدا و 35 کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی حکومەتی ئەفغانستان، تەقینەوەکە لە رۆژئاوای شاری کابوول لە کاتی تاقیکردنەوەی قوتابیان روویداوە.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 30-9-2022، تەقینەوەکە لە گەڕەکی دەشتی باراچی لە رۆژئاوای شاری کابوول روویدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعە مەزهەبن و کەمەنەتەوەی هەزارەن.

گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ئەفغانستان لە تویتێکدا رایگەیاندووە، “تیمەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، سرووشت و وردەکاری زیانەکان دواتر بڵاودەکەینەوە”. دەشڵێت، “هێرشکردنە سەر هاووڵاتیی سڤیل دەرخەری نامرۆڤی و بێڕەوشتیی دووژمنە.”

وا پێشبینی دەکرا بەهۆی گەڕانەوەی تاڵیبانەوە بۆ دەسەڵات لە ئابی ساڵی رابردوو، ئیدی شەڕ و پێکدادان لەو وڵاتەدا نەمێنێت؛ لە سەرەتاشەوە پێشهاتەکان ئەو جۆرەیان نیشاندەدا، بەڵام لە دواتردا بەهۆی کەمیی پلان، کەم ئەزموونی تاڵیبان و هەبوونی ژمارەیەک گرووپی ئیسلامی پەڕگیر لەو وڵاتەدا، کردەوە تیرۆریستییەکان لە ئەفغانستان رووی لە زیادبوون کردووە.

زۆربەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی دەکرێنە سەر هاووڵاتییان لەو ناوچانەن کە کەمینەکانی هەزارەی تێدا نیشتەجێن؛ ساڵی رابردوو، پێش گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، تەقینەوەیەکی دیکە لە نزیک قوتابخانەیەک لە گەڕەکی دەشتی باراچی کابوول روویدا کە بەهۆیەوە 85 کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆرینەیان قوتابیی کچ بوون.