ئەنجلینا جۆلی پشتگیری خۆی لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵات راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەنجلینا جۆلی، ژنە ئەکتەری ناوداری ئەمریکی و نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی بوێری و رۆڵی ژنانی ئێران دەکات دەڵێت، “دەتانبینین کە چۆن چەند دەیەیە بە پێوە وەستاون و بەرگریی دەکەن و هاوشێوەی ژینا ئەمینی بوێر و چاونەترسن”.

ئەنجلینا جۆلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر باسی گرتن و ئەشکەنجەدانی ژنان لە ئێران لەسەر لەچک و باڵاپۆشی دەکات، دەڵێت: “ئێمەی ژنان پێویستمان بەوە نییە رەوشتی ژنانی ئێران لەلایەن پۆلیسەوە چاودێری بکرێن یاخود کۆنتڕۆڵبکرێن”. جۆلی دەشڵێت، لە بری ئەوە ژنانی ئێران پێویستیان بەوەیە بە ئازادی بژین و هەناسە بدەن بێ ئەوەی لەژێر هیچ تووندوتیژی و هەڕەشەیەکدا بن.

ئەم قسانەی جۆلی لەکاتێکدایە، لە 16ی ئەیلوولەوە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە دژی شێوازی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە بەڕێوەدەچن.

ژنان پشتگیری لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و ژنانی وڵاتەکە دەکەن، وەکو دەربڕینی ناڕەزایی، قژی خۆیان دەبڕن و لەچکی سەریان دەسوتێنن.

ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 13ی ئەیلوولی ئەمساڵ بەپاساوی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستگیرکرا و بەگوێرەی شایەتحاڵان ئەشکەنجەدراوە، دوای سێ رۆژ و لە 16ی هەمان مانگ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.