پەرلەمانی کوردستان داوایەک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

پەرلەمانی کوردستان لە راگەێندراوێکدا سەرکۆنەی بۆردومانەکانی دوێنێی ئێرانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، ئاستێک بۆ ئەم پەلامار و پێشێلکردنانەی خاک و سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دابنێن.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە: “دوێنی ٢٠٢٢/٩/٢٨، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەندین مووشەک و درۆنی خۆکوژ، چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانی لە سنووری پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی بۆردوومان کرد.

پێش چەند ڕۆژێکیش پەلاماری ھەندێ ناوچەی سنووری سیدەکان و دەڤەری برادۆستی دابوو.

لە ئەنجامی ئەم ھێرشە ناڕەوا و بۆردوومانە بێ پاساوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. لەم پەلامارەدا چەندین ناوچەی سیڤیل و قوتابخانە و ماڵ کرابوونە ئامانج.”

هەروەک رایانگەیاندبوو کە، “بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە، بە تووندی ئیدانەی ئەم ھێرش و پەلامارانە دەکەین و پێمان وایە لە ژێر ھەر بیانوو و پاساوێکدا ناکرێ پەنا بۆ تووندوتیژی و مووشەک و پەلاماری سەربازی و بۆردوومانکردن ببرێ.”

ئەمەش لە سەرەتای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا هات کە ئەمڕۆ 29ی ئەیلول بەڕێوەچوو.

هەر لە راگەێنراوەکەدا هاتووە کە، “پەرلەمانی کوردستان سوورە لەسەر ھەڵوێستە نەگۆڕەکەی خۆی بەوەی کە خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی ھاوبەش و سەروەری و بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و بەپێ یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ دراوسێکانیدا و پشتیوانیی ھیچ ھەوڵ و جووڵەیەکی نییە کە خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەلاماری وڵاتان بەکار بھێندرێ، پێمان وایە چارەسەری سەربازی و ھێرش و پەلامار نەک کێشەکان چارەسەر ناکات و ڕیشەکێش ناکات، بەڵکو ئاڵۆزی دەکات.”

لە کۆتایی راگەێنراوەکەشدا، پەرلەمانی کوردستان داوای لە حکوومەتی فیدڕاڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ئاستێک بۆ ئەم پەلامار و پێشێلکردنانەی خاک و سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دابنێن.

هەروەک پرسە و سەرەخۆشیی پەرلەمانی کوردستانیان ئاراستەی بنەماڵەی شەھیدەکان کرد و ھیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست.