یونسێف: هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتابخانەکەیان پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی منداڵە
هەولێر – نۆرس پرێس
رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر قوتابخانە و ناوچە سڤیلنشینەکانی دیکە لە کۆیە دەکات و دەڵێت، “هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتابخانەکەیان مایەی قبووڵکردن نییە و پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی منداڵانە.”
لە راگەیێندراوی ئاژانسی منداڵپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، “یونسێف سەرکۆنە و سەرزەنشتی هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی کامپێکی پەنابەرانی کۆیە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات.”
شیما سێن گوپتا، نوێنەری یونسێف لە عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، “هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتابخانەکەیان مایەی قبووڵکردن نین و دەکرێت ببنە پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی منداڵان.”
نوێنەری یونسێف لە عێراق بەبیریشی دەهێنێتەوە کە “پێویستە قوتابخانەکان هەمیشە و بۆ هەموو قوتابیێک شوێنی پارێزراو بن بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن تێیاندا بخوێنن، یاریبکەن و گەشەبکەن تاوەکو دەگەنە ترۆپکی توانای خۆیان.”
یونسێف داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە “منداڵان لە هەر شێوەیەکی تووندوتیژی، لە هەرکات و بارودۆخێکدا بپارێزن و رێز لە جاڕنامەی پاراستنی قوتابخانەکان بگرن.”
دوێنێ چوارشەممە، 28ـی ئەیلوول، قوتابخانەی کامپێکی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە بەر هێرشی سوپای پاسداران کەوت کە بووە هۆی برینداربوونی سێ قوتابی، ئەوە وێڕای بڵاوبوونەوەی ترسێکی زۆر لەنێو منداڵان، هەروەها ژنێکی دووگیان هەر لە کۆیە بەر هێرشەکان کەوت، لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا، بەڵام کۆرپەکەی بە نەشتەرگەری رزگارکرا.
منداڵە ساواکە ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدایە و بە گوتەی زانیاری رەحمانی، باوکی منداڵەکە ئێستا تەنیا دڵی منداڵەکەی کاردەکات و پزیشکەکان چاوەڕوانی بڕیاری ئەون لەبارەی ژیانییەوە کە پێیان گوتووە، هیوایەکی کەم هەیە بۆ رزگاربوونی.