هەسەدە دەست دەگرێت بەسەر حەشارگەیەکی چەکی داعشدا لە گوندەواری قامیشلۆ
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دەستیان گرت بەسەر چەک و تەقەمەنیدا لە گەورەترین حەشارگەدا لە گوندەواری قامیشلۆ کە هی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بوون.
پێشتریش نۆرس پرێس زانیاری دەستکەوت کە لە نزیک گوندی قەیرەوانی سەر بە تل حەمیس لە گوندەواری قامیشلۆ بڕێکی زۆر چەکی داعش دۆزراوەتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەێنراوێکدا لە روپەڕی فەرمی خۆی رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکان و زانیارییە هەواڵگرییە سەلمێنراوەکان و دانپێدانانی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێکخراوەکە؛ لەو کەسانەی کە لە دوایین ئۆپەراسیۆندا لە نزیک کامپی هۆل دەستگیرکرابوون، گەیاندوونی بە حەشارگەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەنیاز بوون لە هێرشێکدا بۆ سەر کەمپی هۆل و گوندەواری شارۆچکەکە و رۆژهەڵاتی حەسەکە و زیندانی سناعەدا، ئەو چەکانە بەکار بهێنن.
لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گرتوون، بریتین لە “58AK-47، 40 کویپ بۆ بەکارهێنانی دەریایی، 200 گولەی RPG،147 حەشوەی تەقەمەنی، 12310 گولەی Ak-47، 3140 گللەی PKC، 5400 گولەی M-16، 900 گولەی AKS، 79 گولەی دۆشکا.
هەروەها، ” 358 مۆبایل، 50 رادیۆ، 50 بۆمبی چێنراو، 14 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو، 38 کەلوپەلی سەربازی، 20 دووربینی شەوانە، 40 مەخزەنی چەک، 596 مەخزەنی ئەی کەی-47، 19 نارنجۆک، 84 بێدەنگکەری دەمانچە، 10 چەک، 10 چەکی لاو.”
هەسەدە ئاماژەیان بەوە کردووە؛ کە ئەم ئۆپەراسیۆنە گورزێکی نوێیە لە داعش و لایەنگرانی و توانایانی کەمکردەوەتەوە، “بەڵام جارێکی دیکە جددیەتی جموجۆڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پشتڕاست دەکاتەوە لە ژێر رۆشنایی پشتگوێخستنی هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی لەو هەلومەرجانەی کە یارمەتیی دەدەن بۆ مانەوە، لە پێش هەمووشیانەوە هەڕەشەکانی داگیرکاری تورکیان”.