ئێران بارەگای چەند پارتێکی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات
هەولێر- نۆرس پرێس
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئێران بۆردوومانی چەند بنکە و بارەگایەکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان کرد، بە گوێرەی هەواڵە سەرەتاییەکان “شەهید و بریندار” هەیە.
لە هێرشێکدا، رژێمی ئێران بە چەندەها درۆن هێرشی كردە سەر بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆیە و ئاژانسە ناوخۆییەکان لە زاری ئەندامانی پارتەکەوە رایانگەیاند کە 2 کەس شەهید بوون و 7ی دیکەش بە هۆی ئەم هێرشەوە بریندار بوون، بەڵام ئەمە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەم هێرشەی سەر حزبی دیموكرات هاوكاتە لەگەڵ ئەو هێرشەی، كە كراوتە سەر كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕگێری زەحمەتكێشان لە زڕگوێز.
ئەویش لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بوو کە بۆردوومانی بارەگاکانی کۆمەڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد لە ناوچەی زڕگوێزی نزیک سلێمانی، بە وتەی پێشمەرگە و کادیرانی کۆمەڵە کە بۆ کەناڵە ناوخۆییەکان لێدوانیاندا، زیانی ماددی زۆریان بەرکەوتووە، بارەگای راگەیاندن و بارەگای سکرتاریەت و هەندێک لە ماڵی پێشمەرگەکان زیانیان پێ گەشتووە، ئەمە جگە لەوەی برینداریان هەبووە، بەڵام تا ئێستا ژمارەکە دیار نییە.
لە ئێستادا ئەو بارەگایانە چۆڵ کراون و پێشمەرگەکان بڵاوەیان کردووە.
لە لایەکی تریشەوە تۆپخانەکانی ئێران بەچڕی سنوری شارۆچکەی ماوەتیان بۆردوومان کرد و بەگوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان زیاتر لە 20 تۆپ لە نزیک گوندەکانی ژاژڵێ و گوێزەڵێ دراوە.
هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردن و بۆردوومانکردنی، ناوچەی کۆیە و زڕگوێز، تۆپخانەکانی ئێران بەچڕی سنوری شارۆچکەی ماوەتی سەربە پارێزگای سلێمانیشیان تۆپباران کرد.
سەرچاوە هەرێمییەکان رایانگەیاند، تۆپبارانەکە بۆسەر گوندی ژاژڵێ و گوێزەڵێیە بووە و زیاتر لە 20 تۆپ لەوناوچەیە دراوە، بەڵام تا ئێستا زیانەکانەکان نەزانراوە.
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، ماوەی پێنج رۆژە ئێران تۆپبارانی سنوری برادۆست و باڵەكایەتی دەكات.