بۆ رۆژی پێنجەم لەسەر یەک ئێران چەند گوندێک لە دەڤەری برادۆست تۆپباران دەکات.

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

بەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەکانى ئێران سنوری چوار گوندیان لە دەڤەری برادۆستی سەر بە ئیدارەی سۆران تۆپباران کرد و بەوهۆیەش بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکان ماڵەکانیان چۆڵکردوە و پرۆسەی خوێندنیش لە سنوری ئەو گوندانە راگیراوە.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی ئێران بە چڕی چیاکانی بەربزین و سەقەر، کوێستانی بەربزین و سنووری گوندەکانی بن پەرێز و بەنێ-یان لە سنووری شارەدێی سیدەکان تۆپباران کردەوە.

ئەمە لە کاتێکیدایە دوێنێ جگە بەردەوامی تۆپباران بۆ سەر سنووری سیدەکان، ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گوندی مێرگەی لە سنووری قەزای چۆمان بۆردومان کرد.

بەرپرسانی سنورەکە دەڵێن، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی قەرارگەی حەمزەوە چەند رۆژێکە ناوە ناوە سنوری بەرزاییەکان و گوندەکانی دەڤەری برادۆست دەکاتە ئامانج، بەوهۆیەش بەشێک لە گوندەکان چۆڵکراون و پرۆسەی پەروەردەش لە چەند خوێندنگەیەکی ئەو گوندانە راگیراوە.

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ماوەی پێنج رۆژە ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران و بۆردومانی دەستپێکردووە، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەشێک لە گوندنشینان و زیانگەیاندن بە رەز و باخەکانیان.